Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا زانیاری ورد لەسەر دەست درێژیکردنە سەر ژنەکەی کەرکوک بڵاودەکاتەوە


دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کەم ئەندامی دانیشتووی ناحیەی پردێی سەر بە شاری کەرکوک و تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی دەستدرێژیکردنەکە لەلایەن دەستدرێژیکارەکانەوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردووە، بەرپرسانی هەرێم داوای لێکۆڵینەوە دەکەن و حکومەتی عێراقیش لیژنەی بۆ پێکهێناوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، ئەو ژنەی دەستدرێژیکراوەتە سەر کوردە و باری دەروونی تەواو نییە، تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 45 ساڵیدایە، بەڵام هاوسەرەکەی تورکمانە و تەمەنی سەرووی 65 ساڵە، کە هاوسەرەکەشی لەڕووی جەستەییەوە کەم ئەندامە و خاوەنی منداڵێکن.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەش دەکەن، ئەو دوو کەسەی دەست درێژیان کردۆتە سەر ژنەکە، یەکێکیان پۆلیسە و پێشتر لەسەر دۆسیەی ئەخلاقی سزادراوە و لە دەوام دوور خراوەتەوە، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر جارێکی تر دەست بەکاربووەتەوە، هەروەها کەسی دووەمیشیان تورکمانە، گەرچی باس لەوەدەکرێت کارمەندی حەشدی شەعبی بێت، بەڵام ئەو هێزە ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت.

سرود ئەحمەد سەرۆکی کۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لەکەرکوک، کە رێکخراوەکەی تایبەتە بە هاوکاریکردن و بەدواداچوون کردن بۆ کێشەکانی ژنان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ژنەکە باری دەروونی تەواو نیە، دوو مانگە خۆی نەشۆردووە، تەنانەت هەندێکجار، پیسایش دەکاتە ژوورەکەی خۆی."

وتیشی"هاوسەری ژنەکەش لەڕووی جەستەییەوە کەم ئەندام و مەشروب خۆرە، خەڵکی نەفس نزم دەباتە ماڵەوە، سەرخۆشی دەکەن و دەستدرێژیش دەکەنە سەر ژنەکەی."

دوای دەرکردنی ژمارەیەک ڕاگەیەنراو و بەیاننامە لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە، حکومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە پێکهێناوە، دۆسیەی تۆمەتبارەکان ڕەوانەی کەرکوک کراون و دوو دەستدرێژیکارەش لە پردێوە براون بۆ شاری کەرکوک.

بەپێی وتەی سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، هاوسەری ژنەکە سکاڵای تۆمارکردووە، بۆیە دەزگا ئەمنیەکان تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

هاوکات جەمال شکور یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لەپەرلەمانی عێراق کە بۆ چاودێری کردنی دۆسیەکە لەسەر خەتە، بەدەنگی ئەمەریکا وت"دوو تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی ژمارە 393 کە تایبەتە بە دەستدرێژی ڕاگیراون."

وتیشی"ژنەکە کوردە و باری دەروونی تەواو نیە، پیاوەکەش تورکمانە و ئەندامە، باری داراییان زۆر خراپە."

جەختیشیکردەوە"بەرپرسانی کورد کە هاتوونەتە سەر خەت، وەکو مەسەلەیەکی ئینسانی لە دۆسیەکەیان ڕوانیووە، نەک وەکو مەسەلەیەکی نەتەوەیی."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەش دەکەن، ماڵی ژنەکە پێشتر لەناحیەی لەیلان بووە، بەڵام بەشێک لەدانیشتوانی ناحیەکە سکاڵایان تۆمارکردووە و داوای گواستنەوەیان کردوون، دواتر ماڵیان بۆ پردێ گواستووەتەوە.

گومان دەکرێت ژمارەی دەستدرێژیکارەکان زیاتربێت لەو دوو کەسە، بەڵام هۆکاری تێوەگلانی دوو کەسەکە، پەیوەندی بەو گرتە ڤیدیۆییەوە هەیە، خۆیان تۆماریان کردووە و بڵاویان کردۆتەوە، کەبووە هۆی گەورەبوونەوەی دۆسیەکە.

جوان حەسەن ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو دوو تۆمەتبارە ڕەنگە بۆ خۆ دەرخستن گرتەی ڤیدیۆیی دەست درێژیکردنە سەر ژنەکەیان تۆمار کردبێت."

وتیشی"گرتە ڤیدیۆییەکە بووەتە بەڵگە لەسەریان، ئەگینا ڕەنگە ژمارەی دەستدرێژیکارەکان زیاتر بێت."

رێکخراوەکانی ژنان لەکەرکوک، هۆشداری دەدەن لەوەی کە ژیانی خێزانی لەتەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەهۆی گرفتی دارایی و شوێنەوارەکانی جەنگ لە مەترسیدایە، بۆیە داوای هەماهەنگی لەحکومەتی عێراق و هەرێم دەکەن.

XS
SM
MD
LG