Accessibility links

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی وڵاتەکە


موستەفا ئەلکازمی
موستەفا ئەلکازمی

سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پاش ئەوەی عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەف دەکشێتەوە.

ڕاسپاردنی موستەفا کازمی، وەک هاوڕاییەکی پەسەندکراوی دەگمەن دادەنرێت لە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا.

بەڕێز کازمی، بەر لەوەی ڕابسپێردرێت بۆ پۆستی سەرەک وەزیر، لەلایەن زۆرێکی لایەنە سیاسییەکانەوە پەسەندکراو بووە، بە کەسایەتییەکی نزیکیش لە ئەمریکا دادەنرێت و لەم چەند هەفتەیەی ڕابردووشدا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا ڕێکخستۆتەوە، ئێران بە دوژمنە سەرسەختەکەی واشنتۆن دادەنرێت لە عێراقدا.

ڕاسپاردنی کازمی، هاوڕاییەکی بێ پێشینەی هێزە شیعەکانی عێراقی لەسەر هەیە.

موستەفا کازمی، کەسایەتییەکی بێ لایەنە و ئەندامی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، لە ساڵی 2016وە، ئەو کاتەی حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیر بوو، پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقی وەرگرتووە و تا ڕاسپاردنیشی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هەر لەو پۆستەدا بووە.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا زۆرجار ناوی موستەفا کازمی لە نێوەندە سیاسییەکانی عێراقدا دەهێنرا، بەڵام ڕەتکردنەوەی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانن، تەگەرەیەکی گەورە بووە لەبەردەمیدا.

یەکێک لەو لایەنانەی بە ئاشکرایی دژی کازمی دەوەستایەوە، کەتائبی حزبوڵا بوو لە عێراق. ئەبو عەلی ئەلعەسکەری، بەرپرسی ئاسایشی کەتائیبی حزبوڵا لە مانگی 3دا دەیگوت، کازمی یارمەتی ئەمریکای داوە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس.

لەسەر ئاستی شەقامی عێراقیش، هێشتا هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرا و یەکلاکەرەوەی خۆپیشاندەرانی عێراق دەرنەکەوتووە لە بەرامبەر ڕاسپاردنی موستەفا کازمی تا پۆستی سەرەک وەزیر وەربگرێت.

لەوەتای حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، لە مانگی 12 ی ڕابردوودا دەستی لەکار کێشاوەتەوە، عێراق لە قەیرانێکی گەورەی سیاسیدا بووە، لە ڕوانگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیان گرتبووەوە و هەروەهاش ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی کێشەی ئابوریش هاتۆتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

پێشتر موحەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی پەرلەمانی عێراق، عەلاوی کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لە ڕاسپاردنی بۆ پۆستەکە، دواتر داوا لە عەدنان زورفی کرا و ئەمیش نەیتوانی هاوڕایی لە ناو پەرلەماندا بەدەستبێنێت.

موستەفا کازمی، تەمەن 53 ساڵ، تەنها 30 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی.

XS
SM
MD
LG