حکومەتی ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت 50 کۆچبەر لە ئۆردوگاکانی پەنابەرانی دوو دوڕگەی یۆنان وەردەگرێت.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەو ڕاگەیاندنەیدا دەڵێت ئەو 50 کۆچبەرە لە ژێر تەمەنی 18 ساڵیەوەن و گواستنەوەشیان لە هەفتەی ئایندەوە دەستپێدەکات.
بە هەزاران کۆچبەر لە ڕەوشێکی قورس و سەختدا دەژین لە ئۆردوگاکانی پەنابەراندا لە یۆنان.
لە ئێستاشدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێندەی تر ژیانی ئەو کۆچبەرانەی قورستر و سەختتر کردووە لەو ئۆردوگایانەدا، کە بەشوێن بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتین لە ئەوروپادا.
پێنج دوڕگەی یۆنان لەناو دەریای ئیجەدا کە نزیکن لە تورکیا، کێشەی ژمارەی زۆری پەنابەرانی هەیە، بە شێوەیەکە، 36 هەزار پەنابەر لەو جێیانەدا دەژین کە تەنها جێی 6 هەزار کەسن.
پێشتر لوکسمبۆرگ قایل بووە بەوەی 12 کۆچبەری ژێر تەمەن هەژدە ساڵ وەربگرێت.
فەڕەنسا و پورتگال و فینلاند و لیتوانیا و کرواتیا و ئێرلەندا، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی یەکێتی ئەوروپادا 1600 کۆچبەری ژێر تەمەنی 18 ساڵ وەردەگرن، کە بە لاوازترین خەڵکی ناو ئۆردوگاکانی کۆچبەران لە یۆنان ناودێر دەکرێن.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی دەگوێزرێنەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە دەکرێن ئەوجا لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا نیشتەجێدەکرێن.
مانگی ڕابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیازی وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی کردووە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر یۆنان.
ئەوانەش کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، یان ئەوەتا پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی هەیە، یان کەسی گەورەیان لەگەڵدا نییە و تەمەنیان لە 14 ساڵ کەمترە و زۆربەشیان لە کچان دەبن.