Accessibility links

کۆرۆنا لە ژاپۆن


سەرۆک وەزیری ژاپۆن دەڵێت، بڕیارە ژاپۆن لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕەوشی نائاسایی لە تۆکیۆ و شەش هەرێـمی دیکە ڕابگەێنێت وەک هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکاتی ئەوەی حکومەت پاکجێکی بوژاندنەوەی ئابووری بە بڕی 990 ملیار دۆلا ئامادە دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بە ئابوری وڵاتەکە گەیشتوە.

شینزۆ ئابی، لە میانەی کۆبوونەوەیەک لە شوێنی فەرمی نیشتەجێی لە تۆکیۆ ئەمڕۆ دووشەممە باسی لە ڕێکارەکان کرد بۆ بەگژداچوونەوەی نەخۆشی کۆڤید 19.

3500 کەس لە ژاپۆن توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 85 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بڵاوبوونەوەیەکی گەورەی ڤایرۆسەکە نییە لە ژاپۆن بەبەراورد لەگەڵ هەندێ لەو شوێنانەی کانگای ڤایرۆسەکەن . بەڵامژمارەکە هەتا دێت بە ئەندازەیەکی مەترسیدار لە تۆکیۆی پایتەخت لە بەرزبوونەوەدایە ، کە پتر لە هەزار حاڵەتی نەخۆشیەکەی تێدایە بە 83 حاڵەتی نوێی ئەمڕۆ دووشەممەشەوە.

شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیری ژاپۆن بە پەیامنێرانی گوت، بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی قەیرانەکە لە لایەنی تەندروستیەوە ، حکومەت ئامۆژگاری کرا خۆی بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ئامادەبکات.

ئەو باری نائاساییە، وەک شینزۆ ئابی دەڵێت نزیکەی مانگێک دەخاێنێت و دەسەڵات دەداتە پارێزگارەکان داوا لە هاوڵاتیان بکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و کارداریەکان دابخەن، بەڵام نەک هاوشێوەی هەندێ لە وڵاتانی دیکە دۆخەکە لە ژاپۆن ناگاتە ئاستی لەکارخستنی تەواوی شارەکان.

XS
SM
MD
LG