Accessibility links

سکرتێری گشتی یو ئێن داوای ڕاگرتنی توندوتیژی خێزانی دەکات


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندنێکی نوێیدا داوایەک لە وڵاتانی جیهان دەکات بۆ پاراستنی ژنان و کچان لەناو خێزان و ماڵەکاندا هاوکاتی ئەم خۆ کەرەنتینەکردنە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ئەنتۆنی گۆتیریش، لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێت "توندوتیژییەکان هەر لە مەیدانەکانی شەڕەکاندا سنوردار نین" و دەشڵێت بۆ زۆرێک لە ژنان و کچان ئەو شوێنەی کە زیاتر مەترسی توندوتیژی هەیە بۆیان، ئەو شوێنەیە کە دەبوایە تیایدا پارێزراو و ئاسودەبن، وەک ئاماژەیەک بە ناو ماڵەکانیان.

سکرتێری گشتی یو ئێن ئەو پەیامەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەی بە داوایەکی تری نوێ ناودێر کرد و وەک دەڵێت "داوایەکی نوێی هەیە لە پێناو ئاشتیدا لەناو ماڵەکان و لە جیهانیشدا."

ئەڵبەت ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە داوایەکی پێشتری کە لە وڵاتانی جیهانی کردبوو بۆ ئاگربەست لە هەموو ئەو شوێنانەی قەیرانی چەکدارییان تیادایە، تا ئەو ئاگربەستە ببێتە یارمەتیدەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19.

بەڕێز گۆتیریش لەو پەیامەیدا کە دەستبەجێ وەرگێڕدرابووە سەر زمانەکانی فەڕەنسایی و عەرەبی و ئیسپانیایی و چینی و هەروەها ڕوسیایی، ئاماژەی بەوە کردبوو، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ زیادبوونی فشارە ئابوریەکان و کۆمەڵایەتییەکان و هەڵکشانی ترس و نیگەرانییەکان لە کۆڤید 19، بەرزبوونەوەیەکی ترسناکی توندوتیژی خێزانیش بینراوە لەسەر ئاستی جیهان.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتەکانی وڵاتانی جیهان دەکات تا ڕێگەگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان و ئەو زیانانەی لەئاکامی ئەم دیاردەیە دروست دەبن، بکەنە بەشێکی سەرەکی لە پلان و بەرنامە نیشتمانییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19، هەروەها داواشی لە سیستەمی دادوەری وڵاتان کردووە تا ئەوانەی لە ماڵەکانیاندا پێشێلکاری بەرامبەر ژنان و کچان دەکەن، دادگایی بکرێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئێستادا ئەو تواناییەی نییە ئامارێکی تەواوی ئەو دۆسێیانە بکات کە تایبەتن بە توندوتیژی خێزانی لەم سەروەختەی خۆ کەرەنتینەکردنەدا، بەڵام دەشڵێت زانیاری هەن لەسەر ئەوەی لە هەر 3 ژن، یەکێکیان رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە.

بەڕێز گۆتیریش دەڵێت "پێکەوە دەتوانین و دەبێت ڕێگە لە توندوتیژی بگرین لە هەموو شوێنێکدا، لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ ناو ماڵەکانی خەڵکیش، هاوکاتی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19."

XS
SM
MD
LG