Accessibility links

ئاگر لە دارستانێکی ئۆکرانیا مەترسییەکی گەورە دەنێتەوە


کاربەدەستانی ئۆکرانیا دەڵێن ئاستی تیشکدانەوە لەو ناوچەیەی بە داخراو ناودێری دەکەن و کەوتۆتە نزیک ناوچە ناوکییەکەی چێرنۆبڵەوە لە بەرزبوونەوەدایە.

پێشتر ئەو ناوچەیە خراپترین ڕووداوی ناوکی بە خۆوە بینی.

کاربەدەستان دەڵێن هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوەکان بەهۆی ئەو ئاگرەوەیە کە لە دارستانێکی نزیکیدا کەوتۆتەوە.

ئیگۆر ڤێرسۆڤ، بەڕێوبەری پشکنینی ژینگە، ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویە "هەواڵی ناخۆش هەن و ئاستی تیشکدانەوەکان لە سەرو ئاستی ئاسایی خۆیەوەیەتی لەو ناوچەیەی ئاگرەکەی لێ کەوتۆتەوە."

بەپێی ئەو ئامێرەی خوێندنەوە بۆ ڕێژەی تیشکدانەوەکان دەکات، نیشانی داوە، تیشکدانەوە بە 16 پلە کەوتۆتە سەرو باری ئاساییەوە.

ڤێرسۆڤ، دەنوسێت، ئەو ئاگرەی کەوتۆتەوە، نزیکەی 100 دۆنم زەوی ناوچەکەی گرتۆتەوە.

کاربەدەستان لە شاری کییڤ، پایتەختی ئۆکرانیاوە، دوو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرێک و نزیکەی 100 ئاگرکوژێنەوەیان ناردووە بۆ شوێنی ئاورەکە کە لە ڕۆژی شەممەوە لە نزیک چێرنۆبڵەوە کەوتۆتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا دەڵێن، هێستا ژیانی هیچ کەسێک لەو ناوچەیەدا نەکەوتۆتە مەترسییەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکەکانەوە.

ڕووداوەکەی چیرنۆبڵ لە ساڵی 1986دا، بووە مایەی پیسبوونی ژینگەی بەشێکی زۆری ئەوروپا، پاش تەقینەوەی کارگە ناوکییەکان، لە کاتێکدا زیانی گەورە لە ناوچەکانی دەوروبەری کارگە ناوکییەکان کەوت.

XS
SM
MD
LG