Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئاراس عەبدولکەریم


ئاراس عەبدولکەریم
ئاراس عەبدولکەریم

ئەو کاتەی بەشێک لە شاعیرەکانمان شیعریان دەکردە قوربانییەکی بێچارە لە پێناو چەپڵە لێدانێکدا، یان هەرچی هەست و نەست و جوانکارییە لە شیعردا دەیانبەخشییە ئاڵ و واڵاکردنی دروشمەکان، شاعیرێک بە کاوەخۆ و بە دڵێکی پڕ لە قوڵپی شیعرەوە، دەینوسی و بە هێمنی و بە شەرمێکەوە جار جارە لە دانیشتنێکی دوو بە دوودا لەگەڵ هاوڕییەکیدا، کە یەکێک لە جارەکان خۆشبەختانە من بووم، چەند پەڕەیەکی دەستنوسی دەردەهێنا و بڕێک دەکەوتە باسی شیعر و لە ناکاو دەیگوت، ئەو چەند دێڕە بخوێنەرەوە.

کە کاغەزەکانم لەدەست وەرگرت و کەوتمە خوێندنەوەی دێڕەکان، ئیتر نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ لای خۆی، مامەوە لەناو دنیاکەیدا و دەگەڕام، هەر دەگەڕام و دەمویست زیاتر بگەڕێم.

جار جارە سەیرێکم دەکرد و پرسیارم لێ دەکرد و نەمدەتوانی چاوەڕوانی وەڵامی ئەو پیاوە چاوشینە بکەم، سەرم بەسەر کاغەزەکاندا شۆڕدەکردەوە و جارێک و دووان و سیان و چەندان جاری تر دەکەوتمەوە خوێندنەوەی ئەو شیعرە.

ئەمەی باسی دەکەم، شەوێک بوو لە شەوانەی بە ڕێکەوت هەردوکمان لە هەولێری پیرە دایک بووین و هەر یەکەمان بەشوێن خەم و مەراق و بێئۆقرەییەکی خۆمانەوە بووین.

ئای کە ڕێکەوتێکی مێژوویی بوو لای من کە زانیم دکتۆر ئاراس عەبدولکەریم، شاعیرە، شاعیرێکیشە جیاواز، جیاوازێکیشە منەوەرانە دەدوێت لە شیعردا، جیاواز بوو، چونکە نەیدەویست حەمە عومەر عوسمان بێت، یان جەمال غەمبار، یان هەر کەسێکی نەوەی خۆی یان پێش خۆی، ئاراس دەیویست هەر خۆی بێت و بەس.

نیشتیمانێک،
پێنج فەرزە لە سەر بەرماڵە و
ساڵ دوانزە مانگ لەشی پیسە!
ئەو بە دەستی دەستنوێژەوە
لاقەی مناڵەکانی ئەکات!!

من نیشتیمانێکم هەیە، هێند تاریکە،
خواش تێی ناگات.!!

ئاراس نە حەسرەت دەنوسێتەوە، نە خەونیش دەگێڕیتەوە، لای ئەم شاعیرەمان شتێک هەیە پێی دەڵێم نغرۆ بوون لە غەریبیدا، ئەو لە نیشتمانە و غەریبە، لە چاوی ئەم شاعیرەماندا نیشتمان پڕ بووە لە دژەبەرەکان، ڕاستی و درۆ لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، تاریکی و ڕوناکی لە یەک شوێنەوە سەردەردەکەن، ژیان و مەرگ پێکەوە نوێژ لەسەر بەرماڵێکی چڵکن دەکەن، نیشتمان لای ئاراس جوگرافیایەکە مێژووی خۆی نەفرەت دەکات. ئاراس هەر دەڕوا و ئاوڕ لە تەماشای نیشتمان ناداتەوە، چونکە دەزانێت لە وێنە شیعرییەکانیدا، ڕاستیە فەرامۆشکراوەکان دەبوژێنێتەوە و دەزانێت لە چ نامۆییەکەوە بڕیاری شەڕی خۆی دەدات لەگەڵ هەموو دژەبەرەکاندا.

حیکمەتی لاولاو، لەوەدا
کە هەموو جار پەنجە قرتاوەکانی خۆی
لەنێو شیشی پەنجەرەیەکا جێدێڵێ،
بۆ ئەوەیە تا باڵندەکان بزانن
هەرگیز ئاشتیەک نەبووە لە نێوان گوڵ و ئاسنا..
لە نێوانی سکە خشکەی چیمەنێک و شەریعەتەکانی دیوارا..
تا بزانن، هەمیشە شەڕێک هەبووە
لە نێوان باڵی خەونێک و قەفەزەکانی ئاسمانا..

ئاراس عەبدولکەریم، هێندەی ئەوەی دەیناسم و هێندەی ئەوەی شیعرەکانیشی دەخوێنمەوە، ئەو مرۆڤەیە دەخوازێت لەڕێی فەنتازیاکانی خەیاڵەوە، بیرکردنەوەیەکی نوێ بە هەموومان ببەخشێت، وەک ناخودای ئەو کەشتیە بێت کە نایەوێت لە هیچ شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ تێگەیشتنە باو و سواوەکاندا بدۆڕێت، نا، ئەو نایەوێت ئەزمونی ژیانێک بکات کە نەزانێت بەدوای چیدا دەگەڕێت، دەخوازێت پاکیزەییەکی ڕۆحی لە هەمووماندا بەرهەم بێنێت و هەرچ ڕاستییەکی زامدار و کوژراویش هەن، بیانهێنێت و زەماوەندێکی هەتاییان بۆ ڕێکبخات.

ئاراس عەبدولکەریم، دەمێکە سنورەکانی خۆی جێهێشتووە و لە دنیای شیعردا دەگەڕێت بە شوێن ئەو ناسنامەیەی، تەنها ئەوانە دەتوانن هەیانبێت کە بڕوایان بە ڕەنگ و دەنگ و وشەی ڕاستەقینە و ڕەسەن و هاوچەرخانەی خۆیانە.

ئاراس عەبدولکەریم، وەڵامی پرسیارەکانی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:01 0:00


XS
SM
MD
LG