Accessibility links

ڕوسیا و عەرەبستانی سعودیە لۆمەی یەکتر دەکەن لەسەر نرخی نەوت


ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیاربوو ڕۆژی دووشەمە بکرێت دواخراوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و شانشینی عەرەبستانی سعودیەوە.

سەرچاوەکان لە ڕێکخراوی ئۆپیک بۆ هەناردەکردنی نەوت، بەو مەرجەی ناویان ئاشکرا نەکرێن، دەڵێن، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بێت، دواخراوە بۆ ڕۆژی 9 مانگی 4، تا دەرفەتی زیاتر بۆ دانوستاندن هەبێت لە نێوان مۆسکۆ و ڕیازدا.

ئەو سەرچاوانەی هەواڵەکەیان بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتدپرێس پشتڕاست کردۆتەوە ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و عەرەبستانی سعودیەیان وەها باسکردووە کە ئاسانن و چارەسەر دەبن، لەو ڕوانگەیەوەی وەک دەڵێن زەمینەکە ئەرێنیە، هەرچەندە هێشتا بەرنوسی ڕێککەوتنێک نییە و هەتا ئێستاش ڕێککەوتن نەکراوە تا بزانرێت لەسەر چ بنچینەیەک بەرهەمهێنانی نەوت کەم دەکرێتەوە.

یەکێک لەو سەرچاوانە وتوویەتی "کێشەی یەکەم ئەوەیە ڕێژەی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە، نەک ئەوەی بگەڕێینەوە ئەو ئاستەی پێش قەیرانەکە. دۆسێی دوهەمیش ئەوەیە کە پێویستە ئەمریکاییەکان ڕۆڵێک بگێڕن."

ئەم بڕیاری دواخستنە هاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی سەرۆکی ئەمریکادا تا ئۆپیک و هاوپەیمانەکانیشی بگەنە جێگیرکردنێکی بە پەلەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

نرخی نەوتی خاو، گەیشتۆتە نزمترین ئاست لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی کەمبوونەوەی داواکاری بۆ کڕینی نەوت لەم سەروەختەدا کە حکومەتەکانی وڵاتانی جیهان هەنگاوی تایبەتییان گرتۆتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەهاش بەهۆی شکستی ڕێکخراوی ئۆپیک و بەرهەمهێنەکانی تری نەوت بە ڕێبەرایەتی ڕوسیا بۆ درێژکردنەوەی سەودایەکی پێشتریان لەسەر سنوردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، کە ڕۆژی 31 ی مانگی 3 وادەکەی تەواو بوو.

ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا هەموو لۆمەی ئەم دابەزینەی نرخی نەوتی خستۆتە ئەستۆی عەرەبستانی سعودیە.

سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت هۆکاری یەکەمی دابەزینی نرخی نەوت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، هەروەها هۆکاری دووهەمیش وەک پوتن دەڵێت " کشانەوەی هاوبەشەکانمانە لە سەودای ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی و زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەروەها لە هەمان کاتیشدا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کەمکرنەوەی نرخ."

ئەم هەڵوێستەی مۆسکۆ بووە مایەی وەڵامێکی توندی ڕیاز.

شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، وەزیری وزەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە، لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت "وەزیری وزەی ڕوسیا دەستپێشخەر بووە لە پێدانی زانیارییەکان بە میدیاکان و لێدواندان سەبارەت بەوەی هەندێک وڵات دەستبەرداری وابەستەییەکانیان بوون لە ڕۆژی ی1 مانگی چوارەوە و ئەمەش وەهای کرد ئەو وڵاتانە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن تا بتوانن کورتهێنانی داهاتەکانیان پڕ بکەنەوە."

XS
SM
MD
LG