Accessibility links

مایک پەمپەیۆ: دیپلۆماسییە ئێرانییەکان بەکرێگیراوی تێرۆرن


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە تێوەگلانی دیپلۆماسییە ئێرانییەکان هەن لە کوژرانی کەسێکی ئۆپزسیۆنی ڕژێمی تاران مایەی نیگەرانین و دەشڵێت بەڵام لەگەڵ ئەرکی ئەو فەرمانبەرانەدا دەگونجێت.

مایک پەمپەیۆ، لە پۆستێکی درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "دیپلۆماسییە ئێرانییەکان بەکرێگیراوی تێرۆرن، و لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپا خەڵکیان کوشتووە و تەقینەوەشیان ئەنجام داوە."

پێشتر ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو گەورە کاربەدەستی تورکیاوە نوسیبووی، دوو ئەفسەری کونسوڵخانەی ئێران لە ئەستانبوڵ، لە مانگی یازدەی ڕابردوودا هەوڵی کوشتنی جودابیرێکی ئێرانییان دابوو بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە سەرکردە لەشکری و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرت.

مەسعود مولوی وردنجانی، ڕۆژی 14 ی مانگی یازدەی ساڵی پار، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەستانبوڵ بە فیشەک کوژرا، پاش ئەوەی کەمتر لە ساڵێک بوو ئێرانی جێهێشتبوو، وەک ئەو دوو کاربەدەستە گەورەیەی تورک باسیان کردووە.

یەکێک لەو دوو کاربەدەستەی تورکیا بە ڕۆیتەرزی وتووە، چەکدارە گەمانبارەکە و ژمارەیەک چەکداری تری گومانبار کە تورک و ئێرانی بوون، لە هەفتەکانی پاش ڕووداوەکەدا دەستگیرکراون و بە لێکۆڵەرەوەکانیان وتووە بەپێی فرمانی دوو ئەفسەری کونسوڵخانەی ئێران کاریان کردووە.

کاربەدەستەکەی تری تورکیاش وتوویەتی، بەڵگەکان کە لە زاری گومانبارەکانەوە ئاشکرابوون، ئاماژەن بەوەی چەند کەسێکی ئێرانی ڕۆڵێکی مەترسیداریان هەبووە لە هاندان و ڕێکخستنی کردەی کوشتنەکەدا.

پۆلیسی تورکیا دەڵێت، وردنجانی لە بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، لە وەزارەتی بەرگری ئێران کاری کردووە و دواتر بۆتە ڕەخنەگرێکی بەهێز لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی.

لە ڕاپۆرتەکەی پۆلیسدا هاتووە، وردنجانی لە مانگی هەشتی ڕابردوودا، نامەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردۆتەوە و ڕەخنەی لە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران گرتووە و 3 مانگ دوای ئەو ڕەخنەیە کوژراوە.

XS
SM
MD
LG