Accessibility links

دیپلۆماتێکی فلیپین بە کۆڤید 19 دەمرێت


باڵێۆزی فلیپین بۆ لوبنان

باڵیۆزی وڵاتی فلیپین بۆ لوبنان بەهۆی توشبوونی بە کۆڤید 19 گیانی لەدەستداوە.

هەتا ئێستا لە لوبنان 16 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردون.

وەزارەتی دەرەوەی فلیپین لە ڕاگەیاندنێکدا خەم و پەژارەی خۆی بۆ مردنی بیرناردیتا کاتالا دەربڕیوەو دەشڵێت مردنی ئەم خانمە دیپلۆماسیەی وڵاتەکە، بەهۆی توشبوونیەوە بووە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

کاتالا، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا زیاتر سەرقاڵی ناردنەوەی ئەو کرێکارە فلیپینیانە بووە کە بە خواستی خۆیان دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان و ژمارەشیان بە دەیان هەزار کرێکاری فلیپینی مەزەندە کراوە.

داڕمانی ئابوری لە لوبنان، نیگەرانی لای کرێکارە بیانییەکان دروست کردوە، چونکە کاریگەری هەبووە بەسەر موچەکانیانەوە، لەکاتێکدا لە بازاڕی ڕەشدا، نرخی لیرەی لوبنانی لە بەرامبەر دۆلاردا لە دابەزینێکی بەردەوامدایە.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند تا ئێستا 494 کەس لە وڵاتەکەدا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و بەو 4 کەسەشەوە کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ئەوانەی بە کۆڤید 19 مردوون گەیشتۆتە 16 کەس.

لە ناوەڕاستی مانگی 3 ی ڕابردووەوە حکومەتی لوبنان ژمارەیەک ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر، لەوانە داواکردن لە دانیشتوان تا لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە و داخستنی هەموو دەروازە دەریایی و ئاسمانی و زەمینیەکان و هەروەهاش قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شەودا.

XS
SM
MD
LG