Accessibility links

عێراق لە لێواری کارەساتێکی داراییدا


بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی سێدا داهاتی نەوت لەو وڵاتەدا بەڕێژەی نزیکەی لە سەدا پەنجا کەم بۆتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی جیهانیی نەوتی خاوەوە لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

دابەزینی نرخی نەوت، دەبێتە مایەی قوڵ بوونەوەی زیاتری قەیرانەکان لە عێراقدا کە بە دووهەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت دادەنرێت لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی 3دا نزیکەی 105 ملیۆن بەرمیل یان بۆشکە نەوت بەرهەمهێنراوە و داهاتەکەشی بە نزیکەی 3 ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، لە کاتێکدا لە مانگی دووی ڕابردوودا عێراق 98 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەش نزیکەی 5 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

عێراق بە دووهەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت دادەنرێت لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا و ڕۆژانە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمی هەیە.

عێراق پشتێکی گەورەی بە داهاتی نەوتە لە دانانی بودجەدا و ئەم داهاتەش لە سەدا نەوەتی بودجەی وڵاتەکەیە، لە ساڵی 2019 دا بودجەی عێراق 112 ملیار دۆلار بووە.

لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، هێندەی ئێستا نرخی نەوت دانەبەزیوە.

لە نێوەندی ئەم دابەزینەی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19 و کەمی خواستی نێونەتەوەیی بۆ یارمەتیدانی، وەک چاودێر بە ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێن، دەشێت عێراق بکەوێتە لێواری کارەساتێکی داراییەوە کە وەهای لێدەکات بکەوێتە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان.

هێشتاش عێراق لە بەرنوسی بودجەی ساڵی 2020دا پشتێکی گەورەی بە داهاتی نەوت بەستوە و وەهایشی داناوە هەر بەرمیلە نەوتێکی خاو بە 56 دۆلار بفرۆشێت، لە کاتێکدا لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی یەک بەرمیل نەوت نزیکەی 25 دۆلارە.

XS
SM
MD
LG