Accessibility links

جێگری پێشووی سەرۆکی سوریا لە فەڕەنسا دەمرێت


عەبدولحەلیم خەدام

جێگری پێشووی سەرۆکی سوریا لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە فەڕەنسا دەمرێت.

سەڵاح عەیاش، کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی عەبدولحەلیم خەدام، بە ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرزی وتووە،کاتژمێر 5 ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە خەدام بە نەخۆشی دڵ مردووە.

عەبدولحەلیم خەدام 30 ساڵ لە حکومەتی سوریادا کاری کردووە، لە سەروەختی حافز ئەسەد و هەروەهاش لە سەروەختی بەشار ئەلئەسەدیشدا.

لە ساڵی 2005 خەدام سوریا جێدەهێڵێت و دەچێتە پاریس و لەوێش دەبێتە یەکێک لە ئۆپزسیۆنە دیارەکانی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەد.

ناوی عەبدولحەلیم خەدام، بە 30 ساڵی سەروەختێکی گرنگی ڕژێمی سوریا بەستراوەتەوە، چونکە زۆر لە نزیکەوە کاری لەگەڵ حافز ئەلئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریادا دەکرد، کە سیاسەتی سەرکوتکردنی بەکاردەهێنا بەرامبەر هەر کەس و لایەنێکی ڕوووبەڕووی ڕژێمی سوریا بوەستایەتەوە.

کاتێکیش بەشار ئەلئەسەد جێی باوکی دەگرێتەوە لە ساڵی 2000دا، پۆستی جێگری سەرۆک دەداتە خەدام، بەڵام لە ساڵی 2005دا جیهانی توشی سەرسوڕمان کرد، کاتێک ڕایکرد بۆ فەڕەنسا و لەوێ بووە پەنابەر و هەروەهاش بووە یەکێک لە ئۆپزسیۆنە دیارەکان دژ بە ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد.

لە ساڵی 1969 – 1970دا، خەدام پۆستی وەزارەتی ئابوری وەردەگرێت و پاش کودەتاکەی حافز ئەلئەسەد لە کۆتایی ساڵی 1970دا دەکرێتە وەزیری دەرەوەی سوریا و هەروەهاش جێگری سەرەک وەزیری سوریا.

بەهۆی ئەو ڕۆڵەی خەدام هەیبووە لە سیاسەتی سوریادا، لە ساڵی 1984دا ئەلئەسەدی باوک، بە یەکێک لە 3 جێگرەکەی دایدەنێت.

خەدام ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە، لە بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتی سوریا و ئێراندا، ئەمە بێ لەوەی لە ساڵی 1976ەوە بزوێنەری هەموو جموجۆڵەکانی سوریا بووە لە لوبناندا.

ڕۆڵی سیاسی خەدام لە ساڵی 1998ەوە ڕووی لە کەمی و لاوازی کرد، چونکە ئەلئەسەدی باوک کەوتە دانی دەسەڵاتەکان لە دۆسێی لوبناندا بە بەشاری کوڕی، ئەمەش وەهای کرد پۆستەکانی خەدام لەناو حکومەتی سوریادا بەبێ هیچ دەسەڵاتێک بێت.

لەپاش مردنی حافز ئەلئەسەد، عەبدولحەلیم خەدام بۆ 37 ڕۆژ سەرۆکی وڵاتەکە بووە بە وەکالەت و کۆتایی ئەو 37 ڕۆژەش بە دانانی بەشار ئەلئەسەد بوو وەک سەرۆکی سوریا.

تا ساڵی 2005 خەدام لەگەڵ ڕژێمەکەی بەشاردا مایەوە و پۆستی جێگری سەرۆکی سوریای هەبوو، دواتر ڕایکردە سوریا و لەوێش بەشار ئەلئەسەدی بە کوشتنی ڕەفیق ئەلحەریری، سەرەک وەزیری ئەوکاتەی لوبنان گوناهبار کرد.

لە ساڵی 2006دا بەرەی ڕزگاری نیشتمانی دامەزراند و ڕایگەیاند کار بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد دەکات.

XS
SM
MD
LG