Accessibility links

ئەمریکا موشەکی بەرگری پاتریۆت لە عێراق دادەنێت


ئەمریکا دەستیکردووە بە دانانی سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆت لە عێراق.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پاش نزیکەی 2 مانگ دێت لەو هێرشە موشەکیە باڵستیکیەی کۆماری ئیسلامی ئێران کردیە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لە مانگی یەکی ڕابردووەوە، لەپاش ئەو هێرشە موشەکییەی ئێران کردیە سەر بنکە سەربازییەکەی عەین ئەلئەسەد، ئەمریکایی و عێراقییەکان لە دانوستاندندان بۆ دانانی سیستەمی موشەکی پاتریۆت، بەڵام باس لەوە ناکرێت ئایا گەیشتنی ئەو موشەکانە بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن بووە یان نا.

بەپێی لێدوانەکانی کاربەدەستێکی لەشکری ئەمریکا و هەروەها کاربەدەستێکی لەشکری عێراقیش بۆ ئاژانسی فرانس پرێس (بەو مەرجەی ناویان نەهێنرێت)یەکێک لەو سیستەمە موشەکیە لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتۆتە بنکەی عرین ئەلئەسەد و خەریکی دانانی بنکەکانی موشەکەکانن، هەروەها سیستەمێکی تریشیان گەیشتۆتە بنکەیەکی سەربازی لە پاریزگای هەولێر.

بەپێی لێدوانی کاربەدەستە لەشکرییەکەی ئەمریکا، دوو یەکەی تری سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆت، هێشتا لە وڵاتی کوەیتن و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت بگوێزرێنەوە بۆ ناو عێراق.

پێشتر عێراق دانانی ئەو بنکە موشەکیانەی ڕەت دەکردەوە، لەو ڕوانگەیەوەی کە ئێران، دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا، دانانی ئەو موشەکانە بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت.

XS
SM
MD
LG