Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران دەداتەوە


واشنتۆن وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران دەداتەوە کە دەڵێت ئەمریکا تیرۆری پزیشکی و تەندروستی بەکاردەهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنێکیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی کێشەکانی ئێستای ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە نین بەڵکو لە ڕژێمەکەی خامنەئیدایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی گوناهبارکردنیدا لەلایەن ئێرانەوە دەڵێت ئەگەر ئێران پێویستی بە پارە هەیە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا، ئەوا دەتوانێت ئەو بە ملیار دۆلارانەی خامنەئی هەیەتی بەکاربهێنیت، هەروەها داواش لە ڕژێمی ئێران دەکات درۆکردن و دزی کردنیش ڕابگرێت.

مایک پەمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی ئێران بۆ لە ناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ڕژێمی ئێران ئەو پێشنیازەی ڕەتکردەوە و بە پیلانگێڕی ناودێری کرد.

هەر ئەو کاتە پەمپەیۆ، داوای لە ڕژێمی ئێران کرد تا بە ڕوونی و ئاشکرایی سەروسەودا لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنادا بکات و دەسەڵاتدارانی ئێرانیشی بەوە گوناهبار کرد کە هاوڵاتیانی ئێرانی و دانیشتوانی جیهانیش دەخەنە بەر مەترسییەوە.

تا درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە، ژمارەی ئەوانەی لە ئێران بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە نزیکەی 3000 کەس، لە کاتێکدا ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن لە ئێراندا لە سەرو 44500 کەسەوەن.

XS
SM
MD
LG