Accessibility links

هەسەدە: گرتوخانەکەی حەسەکە کۆنترۆڵ کراوەتەوە


وێنەی ژورێکی گیراوەکانی داعش لە گرتوخانەی حەسەکە لە سوریا
وێنەی ژورێکی گیراوەکانی داعش لە گرتوخانەی حەسەکە لە سوریا

گیراوەکانی داعش کۆنترۆڵی نهۆمی زەمینی زیندانێکی سەرەکییان کردبوو لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕێوەی دەبات.

لەو پشێویەدا هەندێک لە داعشە گیراوەکان توانیبویان لە گرتوخانەکە ڕابکەن، وەک دەمڕاستی هەسەدە دەڵێت.

یەکینەکانی پاراستنی گەل بەشی سەرەکی هەسەدەیە ، کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات.

موستەفا بالی، دەمڕاستی هەسەدە لە پۆستەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "لەپاش ئەو ڕووداوەی ڕۆژی یەکشەممە هێزە ئاسایشییەکانی هەسەدە دەستیان کرد بە کردەیەکی بەرفراوانی گەڕان و توانیویەتی ئەوانەی لە زیندان ڕایانکردبوو دەستگیر بکەنەوە، لە کاتێکدا هێزە ئاسایشیەکان، یەکەکانی هێزی تایبەتیان ناردبوو بۆ ئەو گرتوخانەیەی حەسەکە بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە ئاژاوەی زیاتر لەناو گرتوخانەکەدا."

دەمڕاستی هەسەدە دەڵێت، ڕەوشەکە لەناو گرتوخانەکەدا ئاڵۆز بوو، هەر بۆیە هێزەکانی دژە تێرۆر و هێزی زیاتری ئاسایشی ڕەوانەی گرتوخانەکە کران تا ڕەوشەکە کۆنترۆڵ بکرێت."

پێشتریش تەلەفزیۆنی حکومەتی سوریا ڕایگەیاندبوو 12 داعش لەو گرتوخانەیەی باشوری حەسەکە لە زیندان هەڵاتوون.

دەمڕاستێکی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، ئاژاوەکانی ناو ئەو گرتوخانەیەی پشتڕاست کردۆتەوە و دەڵێت ئەنامە ئاست نزمەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو گرتوخانەیەن.

کۆلۆنێڵ مێڵس بی کاگینس، دەڵێت "هاوپەیمانان یارمەتی هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەدات لە ڕێی چاودێری ئاسمانیەوە، هاکاتی ئەوەی هەسەدە خەریکی دامرکاندنەوەی ئاژاوەکەی گرتوخانەکەی حەسەکەیە."

هەندێک هەواڵ هەن، بەڵام پشتڕاست نەکراونەتەوە و دەڵێن ژمارەیەک لە گیراوەکان لەو ڕووداوەی ڕۆژی یەکشەممەدا کوژراون.

XS
SM
MD
LG