پاپا فرانسیس پشتیوانی لە داواکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئاگربەست لە سەرانسەری جیهاندا تا بتوانرێت سەنگی بخرێتە سەر بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید 19.
لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا کە لە هۆڵی کتێبخانەی ڤاتیکاندا پێشکەشی کرد نەک لە مەیدانی سانت پیتەرسەوە، پاپا فرانسیس ڕاستەوخۆ باسی لە داواکەی ڕۆژی دووشەممەی ئەنتۆنیۆ گوتەرس کرد.
پاپا دەڵێت نەخۆشی و پەتاکان سنور ناناسن و دەشڵێت "پێویستە هەموو شێوازەکانی شەڕ بوەستێنرێن،کار لەسەر ڕێگەکانی یارمەتی مرۆیی و هەوڵی دیپلۆماسی، سەنگیی خستنە سەر ئەوانەی لە ڕەوشێکی لاوازی خراپدان بکرێت."
زیاتر لە 662700 کەس لە سەرانسەری جیهاندا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز، زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی کۆڤید 19ەوە گیانیان لەدەستداوە.
نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەوانەی بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە لە ئیتالیا بووە.
بەپێی ئامارەکان تا درەنگانێکی ڕۆژی شەممە 10 هەزار کەس لە ئیتالیا بە کۆڤید 19 مردوون.