Accessibility links

پەرستگایەکی سیخەکان لە ئەفغانستان دەبێتە ئامانجی هێرشێکی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی


چەکدار و هێرشبەری خۆکوژ پەلاماری شوێنی ئاینی سیخەکانیان داوە لە کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستان.

لەو هێرشەدا 25 کەس کوژراون، بەر لەوەی هێزە ئاسایشییەکان تەواوی هێرشبەران بکوژن، وەک لە ڕاگەیاندنی حکومەتی ئەفغانستاندا هاتووە.

تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە ڕاگەیاندووە.

سیخەکان،کە کەمتر لە 300 خێزان دەبن لە ئەفغانستان، بەردەوام ئامانجی هێرشەکانی میلیشیا ئیسلامیەکان بوون لەو وڵاتەدا.

دەمڕاستی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، چەند کاتژمێرێک پاش ئەو هێرشەی زوویەکی ئەمڕۆ چوارشەممە وتوویەتی، هێزە ئاسایشییەکان کۆنترۆڵی ڕەوشەکەیان کردووە و هەموو هێرشبەرەکانیش کوژراون.

تاریق ئاریانا، لە لێدوانەکەیدا باسی لەوە نەکرد هێرشبەرەکان چەند کەس بوون.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت، ئەو 25 کەسەی سیخەکان لە شوینەکەدا بوون کوژراون و 8 کەسیش بریندارن و 80 کەسیش ڕزگار کراون.

نارەندەر سینگ خالسا، نوێنەری سیخەکان لە پەرلەمانی ئەفغانستان دەڵێت زانیاری لەلا هەیە نزیکەی 200 کەس لەناو پەرستگای سیخەکاندا گیریان خواردبوو هاوکاتی هێرشەکە.

بەڕێز خالسا دەڵێت، 3 هێرشبەری خۆکوژ لە پەرستگاکەدا خۆیان تەقاندۆتەوە و هێرشبەرەکانی تریش چەکی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە.

XS
SM
MD
LG