Accessibility links

بۆکۆ حەرام نزیکەی سەد سەربازی وڵاتی چاد دەکوژێت


میلیشیا چەکدارەکانی بۆکۆ حەرام نزیکەی 100 سەربازی وڵاتی چاد دەکوژن و دەیانی تریش بریندار دەکەن.

سەرۆکی چاد، ئەو هێرشەی بۆکۆ حەرامی بە خوێناویترین هێرش ناودێرکردووە لە مێژووی لەشکری وڵاتەکەیدا.

ئەم سەربازانە لە ڕۆژی دووشەممەوە کەوتبوونە بۆسەوە لە گوندێکی دوڕگەی بۆما، کە دەکەوێتە ناوچەی دەریاچەی چادەوە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ئەمەش ئەو ناوچەیەیە لەشکرەکانی چاد و نایجیریا و نەیجەر، بۆ چەند ساڵیکە شەڕی دژی تێرۆریستانی بۆکۆ حەرامی تیادا دەکەن.

ئیدریس دێبی، سەرۆکی چاد دەڵێت "لە زۆر کردەی لەشکریدا بەشداریم کردووە، بەڵام لە مێژووی خۆماندا هەرگیز ئەم ژمارە سەربازەمان لێ نەکوژراوە."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی چاد، هاوکاتی سەردانەکەی بوو بۆ شوێنی ڕووداوەکە.

یاخیبوانی ڕێکخراوی تێرۆریستی بۆکۆ حەرام، لە ساڵی 2009 لە نایجیریا سەریانهەڵدا و تا ئێستا زیاتر لە 300 هەزار کەسیان کوشتووە و نزیکەی 2 ملیۆن کەسیشیان ناچارکردووە زێدی خۆیان جێبهێڵن.

بۆکۆ حەرام، کە پەیوەندی بە تۆڕە تێرۆرکارییەکانی ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامیشەوە هەیە، ناوچەکانی جموجۆڵی خۆی فراوان کردووە و وڵاتانی وەک مالی و بورکینا فاسۆ و نەیجیری ڕۆژئاواشی گرتۆتەوە و لە 6 مانگی ڕابردوودا سەدان سەربازی ئەو ناوچە و وڵاتانەیان کوشتووە.

XS
SM
MD
LG