Accessibility links

ئۆڵۆمپیادی 2020


هەروادێ و داوای زیاتر لە لیژنەی نێونەتەوەیی ئۆڵۆمپیاد دەکرێت تا خولی ئەمساڵی ئۆڵۆمپیاد دوابخرێت بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە بڕیارە لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا لە تۆکیۆ بکرێت.

ئەم داوایانە لە کاتێکدایە، تۆماس باخ، سەرۆکی لیژنەی نێونەتەوەیی ئۆڵۆمپیاد سوورە لەسەر ئەوەی پێشبڕکێکانی ئەمساڵی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە وادەی خۆیاندا بکرێن و دەڵێت "هەر دواخستنێکی ئۆڵۆمپیاد کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە بەرنامە داڕشتن و زانیاری زیاتریش هەیە. دواخستنی یاریەکانی ئۆڵۆمپیاد وەک دواخستنی یارییەکی تۆپی پێ نییە و بگوترێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو دەکرێت."

باخ، لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردۆتەوە هەر دواخستنێکی یارییەکانی ئەمساڵی ئۆڵۆمپیاد، گورزێکە لە خەونی نزیکەی 11 هەزار وەرزشەوان کە نوێنەرایەتی 206 لیژنەی ئۆڵۆمپی دەکەن لە سەرانسەری جیهاندا.

تا ئێستا و وێڕای هەروادێ و زیادبوونی مەترسییەکان و ئەو دەنگانەش کە داوای دواخستنی ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵ دەکەن، بەڵام لیژنەی نێونەتەوەیی ئۆڵۆمپیاد بەردەوامە لە هەنگاوەکانی خۆی بۆ ڕێکخستنی خولی هاوینەی ئۆڵۆمپیاد لە وادەی خۆیدا و هیچ گۆڕانکارییەکیشی لە پلانەکانیدا باس نەکردووە.

لیژنەکانی ئۆڵۆمپی لە کرواتیا و هەروەها سیربیا، ئەمڕۆ یەکشەممە هاتوونەتە ڕیزی ئەو لیژنانەی داوای دواخستنی خولی هاوینەی وازییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکەن.

ڤانیا ئۆدۆفیتشیتس، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵپمپی سیربیا دەڵێت "ژاپۆن وەبەرهێنانێکی زۆری کردووە لە خولی هاوینەی ئۆڵۆمپیاددا و پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی یارییەکان لە وادەی خۆیدا بکرێن، بەڵام ئەمە پێچەوانەی هەموو کردەیەکی ژیرانە و هۆشمەندانەیە، ناتوانین پشتیوانی لەو جۆرە ئاڕاستەیە بکەین، چونکە ژیانی مرۆڤ لە هەموو بارێکدا بە پلەی یەکەم دێت."

زلاتکۆ ماتیسا، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی کرواتیاش دەڵێت "هەنگاونانی بەرەوپێش لە بەرنامەکان بۆ خولی ئەمساڵی هاوینەی ئۆڵۆمپیاد لەم هەلومەرج و ڕەوشەی ئێستای جیهاندا، کارێکە مەحاڵە."

ماتیسا دەشڵێت هیچ کەس و لایەنێک ناخوازێت خولی هاوینەی ئۆڵۆمپیاد دوابخرێت بەڵام وەک دەڵێت "لەوبڕوایەدام، ئێمە نزیکین لەم سیناریۆیە و پێشدەچێت ببێتە تەنها بژارەیەک بۆمان، لەو ڕوانگەیەوەی هەموو چالاکییەکی وەرزشی لە ئەوروپدا ڕاگیراون و ناشزانرێت کەی دەستدەکرێتەوە بەو چالاکیانە."

زۆرێک لەو لیژنانەی ئۆڵپمپیاد کە داوای دواخستنی خولی هاوینەی ئەمساڵ دەکەن، باسیان لەوە کردووە ئەگەر بێتوو بۆ چەند مانگێکیش دوابخرێت، ئەوا نابێتە ڕووداوێکی گەورەی کارەساتاوی.

XS
SM
MD
LG