Accessibility links

ململانێی نێوان عەدنان زورفی و لایەنە شیعیە بەهێزەکان


ڕاسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، مشتومڕی زیاتری لەنێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دروستکردووە، بەو پێیەی هێزە شیعیەکان دەیانەوێ دەستی پێ لەکاربکێشنەوە و زورفیش دەیەوێت گفتوگۆ و دانوستان دەستپێیبکات.

گەر شیعەکان نەتوانن زورفی بە کشانەوە ڕازی بکەن، ڕەنگە هەوڵی شکستپێهێنانی بدەن لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، بەڵام لەو حاڵەتەشدا شکستهێنان و سەرکەوتنی دیار نییە، بەو پێیەی هێزە شیعیەکان تەواو دابەش بوون.

هاتنە خەتی لایەنە شیعیەکان بۆ شکستهێنان بەعەدنان زورفی، پەیوەندی بە نزیکایەتی ناوبراو لە بەرە نێودەوڵەتیەکەوە هەیە، کە لایەنە شیعیە دەسەڵاتدار و خاوەن هێزەکان، ترسیان لەدەست تێکەڵ کردنی زورفی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتیەکان بۆ لاوازکردنی پێگەیان هەیە.

عادل نوری پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و چاودێری سیاسی، پێیوایە زورفی لە ئەمەریکاوە نزیکە و ئاراستەیەکی عەلمانی هەیە، وەک ئەو دەڵێت"کاتێک پارێزگاری نەجەف بوو، پشتیوانیەکی زۆری رێکخراو و دام و دەزگا مەدەنیەکانی کردووە، هەروەها دژی هێزە میلیشیاکانیش بووە."

دەشڵێت"زورفی لەنەجەف ژمارەیەکی زۆر میلیشیای شیعی بەگرت داوە، بەتایبەت چەکدارانی میلیشیاکانی سوپای مەهدی، کۆڵیشی نەداوە تا داونی بەحوکمداندا."

عەدنان زورفی تا ئێستا لەلایەن کوتلەی نەسری سەر بە عەبادیەوە بەفەرمی پشتگیری کراوە، بەو پێیەی لەو کوتلەوە نزیکە، بەڵام کوتلەکانی تر هەندێکیان دژین و هەندێکی تریشیان هەڵوێستیان ڕوون نیە.

ڕاسپاردنی زورفی لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە، لەکاتێکدا بوو هێزە شیعیەکان لەسەر کاندیدکردنی کەسێک نەگەیشتبوونە رێککەوتن و وادەی یاسایی بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش لە ساتەکانی کۆتاییدا بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕاسپاردنی زورفی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لایەنە شیعیەکان کاندیدیان بۆ یەکلانەکرابوویەوە، سەرۆک کۆماریش لەسەر خەت بوو لەگەڵیان، چونکە گەر لە وادەی یاساییدا کاندیدی ڕانەسپاردایە، لەڕووی یاسایی و دەستوریەوە لەسەر سەرۆک کۆمار دەکەوت."

وتیشی"بۆیە لە دوا ساتەکاندا، سەرۆک کۆمار زورفی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە سەرۆکی دادگای ئیتیحادی عێراق هۆشداری پێدابوو."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، لایەنە شیعیەکان زورفی وەکو نزیک لە ئەمەریکا تەماشا دەکەن، بۆیە لەسەر خەتن بۆ دەست پێ لەکارکێشانەوەی، بەڵام وەک سەرچاوەکە وتی"هێشتا زورفی نەچووەتە ژێر باری خواستی لایەنە شیعیەکان."

بەڵام هاوژین عومەر ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد سەرۆک کۆمار گرفتی لەگەڵ لایەنە شیعیەکان دا نەبووە، گرفتەکە نێوماڵی شیعیە، کە توشی دابەشبوون بوون، وتی"سەڵاحیاتی سەرۆک کۆمارە کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێت، مەرج نیە ئەو کەسە لەکوتلەی زۆرینە بێت، بۆیە هەنگاوەکەی سەرۆک کۆمار لەچوارچێوەی یاسا و دەستوردا بوو."

شەوی ڕابردوو، لایەنە شیعیەکان لەماڵی عەمار حەکیم ی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە کۆبوونەوە، هەوڵەکانیان بە ئاراستەی شکستهێنان بوو بە عەدنان زورفی، بەڵام پێناچێت لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتبنە هیچ ڕێککەوتنێک.

گەر لایەنە شیعیەکان شکست بهێنن لە دەست پێ لەکارکێشانەوەی عەدنان زورفی، ئەوا ململانێکە بۆ نێو پەرلەمانی عێراق دەگوێزرێتەوە، بەوەی شیعەکان سەرکەوتوو دەبن لەشکست پێهێنانی، یاخود زورفی زۆرترین پەرلەمانتار ڕازی دەکات و یاریەکە دەباتەوە.

هاوژین عومەر، پێیوایە ئاراستەیەک لەنێو شیعەکان دروستبووە، سەرکردە تەقلیدیەکانی تێپەڕاندووە و هێڵی دووەمی هێناوەتە پێشەوە، وتی"زورفی دەست بە دیدار و سەردان دەکات بۆ دەنگ هێنان لەنێو پەرلەمان."

هاوکات عادل نوری پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد گەر مەرجەعیەت دژایەتی کاندیدکردنی زورفی نەکات و هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی پەرلەمانتاران بخاتە گەڕ، ئەوا لەنێو پەرلەماندا دەنگ دەهێنێت و ئەو لایەنە شیعیانە شکست پێ دێنێت، کە دژی کاندید کردنین.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:55 0:00


XS
SM
MD
LG