Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: حکومەتێکی تری نوێ لە عێراقدا


عەدنان زورفی، لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

عەدنان ئەلزورفی، ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرەک وەزیری عێراق
عەدنان ئەلزورفی، ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرەک وەزیری عێراق

ئەم ڕاسپاردنە پاش چەند هەفتەیەکە لە کشانەوەی دکتۆر موحەمەد تۆفیق عەلاوی لە ڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرەک وەزیر، چونکە ئاماژەکان وەهابوون، لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگی متمانەی پێنادرێت بەهۆی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەوە لە عێراقدا.

بەشێک لە کورد و بەشێک لە سوننەکانیش دژی عەلاوی وەستانەوە.

هەر لە ئێستاوە جارێکی تر نیشانەکانی ناکۆکی قوڵی ماڵی شیعە دەرکەوتوونەتەوە، ئەمەش وەها دەکات سەرلەنوێ بگوترێتەوە کە پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا کارێکی سانا نابێت، ئەگەر بێتوو سازان لە نێو ماڵی شیعەکاندا نەیەتە ئاراوە.

هەرچەندە پێشتر دەگوترا هاوهەڵوێستی بەشێک لە کورد بەشێک لە سوننەکان و بەشێک لە شیعەکان لە دژایەتیکردنی عەلاویدا، وەهای کرد نەتوانێت دەنگی پێویست کۆ بکاتەوە.

لێرەدا ڕاستییەک هەیە ناکرێت باس نەکرێت، ئەگەر هاتبا و ناو ماڵی شیعەکان ڕێکخراو بووایە و تەبایی تیادابووایە، ئەوا شیعەکان بە ئاسانی دەیانتوانی متمانە ببەخشن بە کابینە چاوەڕوانکراوەکەی عەلاوی، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی کورد و سوننەش بکەن.

میوانی بەرنامە: ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
میوانی بەرنامە: ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

بە دوور نازانرێت عەدنان زورفی، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو هەمان ئەو تەگەرانەی لەبەردەم عەلاویدا بوون، بێنەوە بەردەم ئەمیش، بەڵام هێشتا نازانرێت، ئایا ڕێبەرانی سیاسی عێراق چەندێک بە گیانی بەپرسیارێتیەوە سەروسەودا لەگەڵ پێکهێنانی ئەم کابینەیەدا دەکەن، لەکاتێکدا زۆرێک لە شیکەرەوە و چاودێر دەڵێن عێراق بەرگەی ئەو هەموو ناکۆکی و ناجێگیریە سیاسە ناگرێت و پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز هەیە تا بتوانێت هەر هیچ نەبێت بەشێک لە کێشەکانی وڵاتەکە چارەسەر بکات.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا بەڕاستی لەناو عێراقیەکاندا خواست هەیە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان؟ ئایا کارکردنێکی ڕژد هەیە بۆ هەرهیچ نەبێت کەمکردنەوەی ڕێژەی گەندەڵی بەڕێوەبردن و سیاسی و دارایی و هتد؟ ئایا عێراقییەکان بڕوایان هێناوە بەوەی ئەزموونی پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنچینەی بەش بەشێنەی سیاسی ، ئەزموونێکی شکستخواردووە؟

ئەمانە پرسیارگەلێکن، کە مەرج نییە وەڵامەکانی ڕاستەوخۆ بدرێنەوە، هێندەی ئەوەی هەڵوێستە سیاسییەکان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

لەمڕۆی عێراقدا زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی شیعە و کورد و سوننەش، هەڵوێستی خۆیان بە ناوی مافە دەستوریەکانەوە دەخەنە ڕوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕکابەرەکانی ئەو لایەنانە قسەیەکی جیاوازتر دەکەن و دەڵێن گەندەڵکارانی وڵات دەیانەوێت دەستور بۆ مەرامی سیاسی و درێژەدان بە گەندەڵیەکانیان، بەکاربهێنن.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:02 0:00


XS
SM
MD
LG