Accessibility links

دکتۆر حازم ئەلشەمەری: لایەنی سیاسی عەرەب و کوردیش هەن بڕوایان بە چاکسازی نییە لە عێراقدا


دکتۆر حازم ئەلشەممەری

دەنگ نەدان بە حکومەتە پێشنیازکراوەکەی موحەمەد تۆفیق عەلاوی لە پەرلەمانی عێراقدا، هێندەی تر ڕەوشی سیاسی وڵاتەکەی ئاڵۆزکردووە و کەلێنی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی گەورەتریش کردووە.

هێشتا دیارنییە کام یەکێک لەو سیناریۆیانەی عێراقیەکان دایدەڕێژن، گرێکوێرەی ئەو ئاڵۆزیانەی عێراق دەکاتەوە.

لە ئێستادا بۆشاییەکی زۆر گەورە لە نێوان شەقامی عێراقی و لایەنە سیاسیەکانی وڵاتەکەدا هەیە و بە ئەندازەیەکیشە کە پێناچێت زمانی هاوبەش و تێگەیشتنیش لە نێوانیاندا مابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە هەوڵەکان چڕ و پڕن بۆ ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری عێراقدا، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆر ئاماژە لە ئارادان سەبارەت بە دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا.

دکتۆر حازم ئەلشەمەری، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی بەغدا دەڵێت بەشیکی لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ ئەوەدان حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت و ببێتە جێگرەوەی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی و بتوانێت هەموو ئەو شتانە بکات کە دکتۆر عەلاوی، سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو نەیتوانی بیانکات.

دکتۆر ئەلشەمەری دەڵێت هەندێک لایەنی تریش هەن داوا دەکەن پێکهێنانی کابینەی نوێ دوابخرێت و دکتۆر عەبدولمەهدی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2022 دا گەڕی حکومەتەکەی تەواو دەبێت، بەڵام وەک دەڵێت "لەوبڕویەدام مانەوەی عەبدولمەهدی لە فەرمانڕەوایەتیدا ئاڵۆزی کێشەکان زیاتر دەکات نەک چارەسەریان بکات، چونکە عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە لەسەر خواستی خۆپیشاندەرانی شەقامی عێراقی و هەروەهاش لەسەر خواستی مەرجەعیەتی شیعەکانیش بووە لە شاری نەجەف."

ئەم پسپۆڕە سیاسیە دەڵێت تەنانەت ئەگەر سەرەک وەزیری کار بەڕێکەر نیوەی کابینەکەشی بگۆڕێت، هێشتاش ناکرێت وەک چارەسەرکردنی ڕەوشی عێراق لێی بڕوانرێت چونکە کێسەکان لە بەرنامەڕێژی و سیستەمەکەدایە و کێشەکە لە ڕەتکردنەوەی جەماوەریدایە بۆ کابینەکەی.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر حازم ئەلشەمەری، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی بەغدا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:21 0:00


XS
SM
MD
LG