Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: دابەشبوونی کورد لەسەر کابینەکەی عەلاوی


دواجار سەرەک وەزیری ڕاسپێردراوی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کشایەوە بەهۆی ئەو دژایەتیکردنەی هەندێک لایەنی کورد و سوننە و شیعە لە پەرلەماندا دەیانکرد، نەک بەهۆی فشارە زۆرەکانی شەقامی عێراقیەوە.

لە پەیوەندی بە لایەنە سیاسییە شیعەکانەوە، ڕێککنەکەوتنیان لەسەر دەنگدان بە حکومەتەکەی موحەمەد تۆفیق عەلاوی، بەڵگەیەکی تری پەڕتەوازەیی و شپرزەیی ناو ماڵی شیعەی عێراقە، هەرچەندە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەر شێوازێک و بە هەر نرخێکیش بێت دەیەوێت ئەو ناکۆکیانە بشارێتەوە.

ئەو دیمەن و وێنە سیاسیانەی لە مانگی ڕابردوودا لە عێراق بینران، بوونەتە بەڵگەنەویستێک کە لەوەتای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە هێندی ئێستا ناوماڵی شیعە ناکۆکی و دابەشبوونی تیادا نەبووە، لە کاتێکدا گەورە و بچوکی عێراقییەکانیش دەزانن کە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرەک وەزیر هەر لە دەستی شیعەکاندایە نەک لایەنەنەکانی تری سەر بە پێکهاتەکان.

بەشێکی زۆری کورد و هەروەها سوننەکانیش دژی عەلاوی وەستانەوە و بوونە تەگەرەیەکی گەورە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتەکەیدا، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت وەڵامێکی متمانە پێکراویی ئەو پرسیارەیان نەداوەتەوە سەبارەت بەوەی ئایا دەستکەوتە گشتیەکە چییە لە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی هەم کورد و هەمیش سوننە لە عێراقدا؟! ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی پێویستی بە وەڵامێکی ڕژد هەیە.

ڕێبین ڕەسوڵ، نوسەر و لێکۆڵەر
ڕێبین ڕەسوڵ، نوسەر و لێکۆڵەر

لە پەیوەندی بە کوردەوە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەڵێن هاوکاتی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرەک وەزیری ڕاسپێردراودا، عەلاوی پەیمانی داونەتێ بێ لەوەی 3 وەزارەت دەدات بە کورد، جێگرێکی سەرەک وەزیریش بۆ کورد دەبێت و هەروەها ئامادەیی خۆیشی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو داوایانەی کورد هەیەتی لە عێراقدا بە کارکردنێکی ڕژدیشەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەندی 140 ی دەستوری عێراق و یەکلاکردنەوەیشی.

لە بەرامبەریشدا ڕایەکی تریش هەر لەناو کورددا هەبوو کە عەلاوی دەیەوێت مافە دەستورییەکانی کورد لە عێراقدا پێشێل بکات و دەخوازێت هەر خۆی وەزیرە کوردەکان دەستنیشان بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سیاسیەکانی کورد.

هەر لە سەرتاوە کورد دابەشبوونی تیادا بەدی دەکرا لەسەر ئەم کابینەیەی عەلاوی، بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت کە کورد هاوهەڵوێست بووە. بەشێک لە کورد لە دەرەوەی دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گروپێکیان دروست کرد بە ناوی گروپی 15. ئەندامانی ئەم گروپە دوو جار لەگەڵ عەلاویدا کۆبوونەتەوە و لەو کۆبوونەوانەدا عەلاوی پەیمانەکانی خۆی داوە و ئامادەیشی دەربڕیوە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەکی وابەستەبوون بەو بەڵێنانەی بە گروپی 15 ی داون.

بەشێکی تریش بریتیبوون لە پارتی و یەکێتی، کە توانییان هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی تریش ڕاکێشن بەلای خۆیاندا.زۆرێک لە چاودێر دەڵێن ئەو هەوڵە هەرچەندە بەناوی یەکڕیزی نیشتمانی دراوە بەڵام لە ڕاستیدا بۆ شکستپێهێنانی گروپی 15 بووە و هەروەهاش جارێکی تریش بۆ سەپاندنەوەی هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بەسەر لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمی کوردستاندا.

بەشێکی عەرەبی سوننەش پێدەچێت لەگەڵ هەبوونی حکومەتێکی تەکنۆکراتدا نەبووبن، وە دەیانویست خۆیان بڕیاردەربن لە دانانی پۆستی ئەو وەزارەتانەی بەریان دەکەوێت لە حکومەتەکەی عەلاویدا. ئەڵبەتە لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو لایەنانەی عەرەبی سوننە دژی عەلاوی وەستانەوە، وەک لایەنی ئەلحەل کە بەشێکە لە هاوپەیمانێتی ئەلبیناء، بە ئەندازەیەکی بەرچاو نزیکن لە لایەنی ئەلفەتح کە هادی ئەلعامری سەرۆکایەتی دەکات.

هەر لە سەرەتای ڕاسپاردنیەوە بۆ پۆستی سەرەک وەزیری نوێی وڵاتەکە، عەلاوی کارنامەی ئەو حکومەتە چاوەڕوانکراوەی لەسەر سێ بنچینە داڕشت؛
یەکەم: زەمینە خۆشکردن بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا و ئاشکرا.

دووهەم: دادگایی کردنی هەموو ئەوانەی دەستیان چۆتە خوێنی خۆپیشاندەرانی عێراقییەوە.

سێهەم: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سەرتاسەری عێراقدا.

چوارهەم: پێکهێنانی حکومەتێک کە بە هیچ شێوەیەک ئەزموونە شکستخواردووەکەی 15 ساڵی ڕابردووی تیادا دووبارە نەبێتەوە.

زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان بە شیعە و کورد و سوننەشەوە، نەک هەر هەوڵیان دەدا بەڵکو فشاریشیان خستبووە سەر عەلاوی تا وەزیرە کۆنەکان دابنرێنەوە لە حکومەتەکەیدا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەچووە ژێر باری ئەو داوایانە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ناشکرێت هەندێک کەموکوڕی و کەمتەرخەمی هەن کە لە عەلاوی و شێوازی کارکردنیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی ڕەچاو نەکرێن، لەوانە میکانیزمی دانوستاندن لای عەلاوی، بە هێند وەرنەگرتنی ئەو ڕەتکردنەوەیەی لە شەقامی عێراقیدا هەبوو. عەلاوی تیمێکی تایبەتی نەبوو بۆ دانوستاندن لەگەڵ شەقامدا، کە کارێکی زۆر ئاسان بوو بیکات، وەک خۆی دەیگووت بەرنامەی کاری حکومەتەکەی لەسەر بنچینەی داواکانی شەقامی عێراقییە و هەروەهاش وەها خۆی دەناساند کە سەر بە شەقامی ناڕازی عێراقە، نەک سەر بە لایەنە سیاسییە فەرمانڕەواکانی وەڵاتەکەی بێت.خاڵێکی تریش ئەوەبوو کە ڕاشکاوانە باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکاندا(شیعە و کورد و سوننە) نەدەکرد.

هەرچۆنێک بێت سەرنەگرتنی ئەو کابینەیەی عەلاوی دەشێت ئەو جۆرە خوێندنەوەیەی بۆ بکرێت کە بەشی زۆری لایەنە سیاسیە عێراقیەکان ناخوازن کۆتایی بێنن بە ئەزموونی شکستخواردووی 15 ساڵی ڕابردوو، کە هەر ئەو ئەزموونە لە مانگی 10 ی ساڵی 2019ەوە خەڵکی عێراقی ڕژاندۆتە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی حکومەت و دژی لایەنە سیاسییەکانیش بەرزکردۆتەوە.

خۆپیشاندەرانی عێراقی لەوبڕوایەدان، کێشەکانی وڵاتەکەیان بە دانانی ئەم یان ئەو سەرەک وەزیر چارەسەرنابن، وەک دەڵێن لایەنە سیاسییەکانیشیان ناوێت، چونکە بە بەرپرسیاری یەکەمیان دەزانن لە دروستکردنی قەیران و گرفتە ئاڵۆزەکانی وڵاتەکەیان و دەشڵێنهەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد دەشێت ببێتە ئەو چارەسەرەی دەمێکە خەڵکی عێراق چاوەڕوانی دەکەن، هەڵبژاردنێک دوور لە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی.

ئایا کورد و عەرەبی سوننە چ دەستکەوتێکیان دەبێت لە ئاکامی پشتیوان نەکردنی کابینەکەی موحەمەد تۆفیق عەلاوی؟

ئایا کشانەوەی عەلاوی لە ڕاسپاردنەکەی بۆ پۆستی سەرەک وەزیر، دەبێتە بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی شەقامی عێراقی؟

ئایا شکستی عەلاوی لە پەرلەماندا، بەو مانایەیە کە هێشتا بەشێکی زۆری لایەنە عێراقییەکان بە کورد و شیعە و سوننەوە، لەگەڵ بەش بەشێنەی پۆستەکانی حکومەتدان؟

ئایا عێراقییەکان بە شیعە و کورد و سوننەوە، هیچ متمانەیەکیان هەیە کە بگوترێت کاندیدی داهاتوو بۆ پۆستی سەرەک وەزیر لە عەلاوی باشتر دەبێت؟

ڕێبین ڕەسوڵ، نوسەر و لێکۆڵەرلە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:50 0:00


XS
SM
MD
LG