Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە سەردانەی مەککە و مەدینە ڕادەگرێت


شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕێگەی لە هەمو ئەو بیانیانە گرت کە بە مەبەستی سەردانیکردنی پیرۆزترین شوێنی ئاینی ئیسلام دەچنە ناو شانشینەکەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ئەم هەنگاوەی شانشینەکە، ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی پلانی زۆرێک لە موسوڵمانانی سەرانسەری جیهان بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کە ئەو مانگە پیرۆزەیان لە شارەکانی مەککە و مەدینە بەسەر دەبەن.

ئەو بڕیارە، نیگەرانی زۆری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو ڤایرۆسە نیشان دەدات لە کاتێکدا ئێران پشتڕاستی کردۆتوە توشبوانی ناو وڵاتەکەی گەیشتۆتە 254 کەس.

یەکێک لەوانەش کە لە ئێران توشی ئەو ڤایرۆسە بووە، یاریدەدەری سەرۆکی ئێرانە بۆ کاروباری ژنان و کۆمەڵایەتی ماعسومە ئبتیکار.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەک دەزگا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، 26 کەس لە ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕێگەگرتن لە خەڵک بۆ زیارەتکردنی کەعبە لە مەککە ئەو شوێنەی کە موسوڵمانەکان ڕۆژانە پێنج جار بۆ نوێژکردن ڕووی تێدەکەن لەگەڵ شاری پیرۆزی مەدینە، لەلایەن عەرەبستانی سعودیەوە کارێکی بێپێشینەیە لە مێژووی نوێدا.

خێزانی ئال سعود کە دەسەڵاتداری ئەو شانشینەیە ڕەوایەتی خۆیان دەخەنە ژێر مەترسییەوە لە چاودێری کردن و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان.

کاربەدەستان هەروەها ڤیزای گەشتیاریشیان بۆ ئەو وڵاتانە ڕاگرتووە کە ڤایرۆسەکە تیایدا بڵاوبۆتەوە.

هەواڵی ڕێگەگرتن لە سەردانی کردنی مەککە بۆ موسڵمانەکانی جیهان مایەی سەرسوڕمان بوو، لە کاتێکدا زۆربەیان تەواوی ژیانیان پارە کۆدەکەنەوە تا جارێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و عەمرە یان حەج بکەن.

بەهۆی ئەو بڕیارە سەدان کەس لە پاکستان گەشتەکانیان هەڵوەشێندرانەوە، لە کاتێکدا ئیندۆنسیا و تورکیاش هەزاران کەسیان گەڕانەوە کە بڕیاربوو بڕۆن بۆ عەمرە.

دەسەڵاتداران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرە دەڵێن ئەو بڕیارەی عەرەبستانی سعودیە " گرژی و ئاڵۆزی" و " توڕەییەکی زۆری" لە نێو هەزاران گەشتیاردا دروست کردووە کە چاوەڕوانی گەشتەکانیان دەکرد بۆ ئەوێ. کاربەدەستێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە هەر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە کاربەدەستانی فڕۆکەخانە ناچاربوون هێز بانگ بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە.

XS
SM
MD
LG