سەرۆک وەزیری هندستان نارێندرا مۆدی ڕۆژی چوارشەممە داوای هێمنی کرد چەند ڕۆژێک پاش پێکدادانی نێوان هیندۆسەکان و موسوڵمانە کەمینەکان لەسەر یاسای مشتومڕلەسەری بەهاووڵاتی بوون. ئەم توندوتیژیانەش خراپترین توندوتیژی ئاینییە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابوردوو لە پایتەختی وڵاتەکە.
لەو توندوتیژییانەدا هەتا ئێستا نزیکەی 20 کەس کوژراون و 200 کەسی تریش بریندار بوون. پزشکێک دەڵێت زۆربەی بریندارەکان بە گوللە لێیان دراوە. ئەم توندوتیژییە نوێیانەی پایتەختی هندستان هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئەو وڵاتە.
پۆلیس و هێزە نیمچە لەشکرییەکان شەقامەکانی شارەکەیان ڕۆژی چوارشەممە بە تەواوەتی گرتبوو. چەندین شوێنی کە ئاژاوەکانی تیایدا ڕوویدا بوو بەتەواوەی چۆڵ کرابوو.
سەرۆک وەزیر مۆدی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " ئاشتی و خۆگونجاندن نیوەندی کولتوری ئێمەیە. من داوا لە خوشک و برایانی دلهی دەکەم ئاشتی و برایەتیان بەردەوام بێت."
داواکارییەکەی مۆدی پاش شەپۆلێکی زۆری ڕەخنەی پارتە ئۆپزسیۆنەکان بوو بۆ ئەوەی حکومەت سەرکەوتوو نەبوو لە کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکان سەرەڕای بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕژێن و گوللەی پلاستیکی.
سۆنیا غاندی سەرۆکی پارتی کۆنگرێسی ئۆپزسیۆن، داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆ ئەمیت شا دەکات، کە بەرپرسیارە بەرامبەر فەرمان و یاسا لە پایتەختی وڵاتەکە.
ئەو توندوتیژیانە لە نێوان هەزاران خۆپیشاندەری پشیتوان و هەروەها دژی یاسای بەهاووڵاتیبون ڕوویدا کە ئو یاسایە لەلایەن حکومەت نەتەوەپەرستە هیندۆسەکەی مودی پێشنیاز کراوە.
بە پێی ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییە ئاسانکاری دەکرێت بۆ هاووڵاتیانی نا موسوڵمانی وڵاتانی دراوسێی زۆرینە موسوڵمان کە مافی هاووڵاتی بوونی هندستان بەدەستبهێنن.
ڕەخنەگران دەڵێن ئەو یاسایە لایەنگری دژی ئیسلامەکان دەکات و دەستوری سیکولاری هندستان پێشێل دەکات.
پارتی بەهاراتیا جەنتای مۆدی نکوڵی لەوە دەکات کە ئەم یاسایە لە دژی 180 ملیۆن موسوڵمانی هندستان بێت.
ژمارەیەک لەو کەسانەی کە بریندار بوون و لە نەخۆشخانەن ڕایانگەیاندووە بەلایەنی کەم دوو مزگەوت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی دلهی سوتێندراون.
ڕۆژی چوارشەممە کۆمسیۆنی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا بۆ ئازادی ئاینی جیهانی ڕایگەیاند ئاگاداری توندوتیژییەکانە و داوای لە حکومەتی هندستان کرد کەمینە ئاینەکان و ئەوانەی کە کراون بە ئامانج بپارێزێت.