Accessibility links

سەرۆکی پێشوی ئەرمینیا سرژ سارگسیان دادگایی دەکرێت


سەرۆکی پێشوی ئەرمینیا سرژ سارگسیان ڕۆژی سێشەممە دادگایی کردنی بە تاوانی گەندەڵی دەستپێدەکات نزیکەی دوو ساڵ پاش ئەوەی لە سەرهەڵدانێکی گشتیدا لە سەرکار لادرا پاش دە ساڵی فەرمانڕەوایەتی.

سارگسیان کە لە ساڵی 2008 فەرمانڕەوایەتی ئەرمینیای گرتە دەست لە ساڵی 2018 دەستیلەکار کێشایەوە کاتێک پلانەکەی بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵات بە بوون بە سەرۆک وەزیری وڵات خۆپیشاندانی سەرتاسەری بە ڕێبەرایەتی ڕۆژنامەوانی کە پاشان بوو بە سیاسەتمەدار نیکۆل پاشنیان، لێ کەوتەوە.

سارگسیان لە سەرەتاوە لە پاش دەستلەکارکێشانەوەی زۆر دەرنەدەکەوت. بەڵام لە ساڵی ڕابوردۆوە جارێکی تر دەرکەوتەوەو بە توندی ڕەخنەی لە پاشنیان دەگرت کە بوو بە جێگرەوەی.

سارگسیانی65 ساڵانی ئەفسەری پێشوی لەشکری لە مانگی 12 بە ڕێکخستنی بەرنامەی دزینی پارە کە گوایە هاوکاری دەوڵەمەند کردنی کاربەدەستانی حکومەتی کردووە، تۆمەتبار کراو ڕێگەی لێگیرا وڵاتەکە بەجێبهێڵێت. ئەگەر حوکمەکەی بەسەردا ساغبێتەوە ئەو بۆی هەیە سزای هەشت ساڵ زیندانی کردن بدرێت.

داواکارانی گشتی دەڵێن لە ساڵی 2013 سارگسیان هاوکاری کردووە بۆ ڕێکخستنی بەرنامەیەکی فرتو فێڵ کردن بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت کە سوتەمەنی بۆ پرۆگرامی کشتوکاڵی حکومەت دابین دەکرد بە نرخێکی ئێجگار زۆر.

داواکارەکان دەڵێن لەو کاتەدا 1 ملیۆن دۆلار پارەی زیادەی ئەو بەرنامەیە چۆتە گیرفانی ئەو کاربەدەست و کاردارانەی کە بەشێک بوون لە پلانەکە.

هەتا ئێستا ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئایە خودی سارگسیان بەرژەوەندی پارەی لەو بەرنامەیەدا هەبووە یان نا.

XS
SM
MD
LG