ڕێبەری لەمێژینەی میسر حوسنی موبارەک لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. مردنی ئەو ڕۆژی سێشەممە لەلایەن تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی وڵاتەکەوە ڕاگەیەندرا.
موبارەک نزیکەی 30 ساڵ فەرمانڕەوایەتی میسری کرد بەر لەوەی لە ساڵی 2011 پاش 18 ڕۆژی خۆپیشاندانی بەناوبانگی وڵاتەکە لەسەر دەسەڵات لادرا.
ئەو سەرەتا ئەفسەرێک بوو لە هێزی ئاسمانی میسر، پاشان بوو بە سەرکردەو و جێگری وەزیری بەرگری.
لە ساڵی 1975 وەکو جێگری سەرۆک ئەنوەر سادات دەستنیشان کرا و کاتێک لە مانگی 10 ی ساڵی 1981 ئەنوەر سادات لەلایەن ملیتانە ئیسلامییەکانەوە کوژرا موبارەت لە تەنیشتی بوو.
پاشان ئەو ڕێبەرە دیکتاتۆرە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی گرتەدەست و خۆی کردە جێگای متمانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهۆی ڕێزگرتنی لە ڕێککەوتنی ئاشتی ساڵی 1979 لەگەڵ ئیسرائیلدا سەرەڕای ناڕەزاییەکی زۆر لە سەرانسەری زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ناو وڵاتدا موبارەت دەسەڵاتی توندی بەکار دەهێنا، باری نائاسایی لە وڵات ڕاگەیاند بە پێی ئەوەش هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان بۆ خۆشکرابوو بەرهەڵستان سەرکوت بکەن و ئازادییە سادەکانی خەڵکی پێشێل بکەن.
موبارەک بۆ ماوەیەکی زۆر ئیخوان ئەلموسلمینی گەورەترین بزوتنەوەی ئیسلامی جیهانی سەرکوت دەکرد کە لە میسرەوە دامەزرابوو. لەگەڵ ئەنجامدانی ئەمە تەنانەت ئیسلامیە میانەڕەوەکانیشی کەنارگیر دەکرد و پشتیوانەکانیانی پەراوێز دەخست. زۆربەی کەس بە گەندەڵی تاوانباریان دەکرد.
لە مانگی 1ی ساڵی 2011خۆپیشاندانێکی گەورە دژی حکومەتەکەی لە قاهیرەو شارەکانی تری میسر سەریهەڵدا. لە یەکی مانگی 2 ی هەمان ساڵدا ئەو ڕێبەرە بە ساڵاچووە ڕایگەیاند چی تر هەوڵی خۆ هەڵبژاردنەوەی نادات کە بڕیاربوو هەڵبژاردن لە مانگی 9ی ئەو ساڵە ئەنجام بدرێت. هەروەها بەڵێنی دا گۆڕانکاری لە دەستووردا ئەنجام بدات، بەڵام گەلی میسر داوای گۆڕانکاری زیاتریان کرد لە ئەنجامی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
لە 11 ی مانگی 2 ی ساڵی 2011، جێگری سەرۆک عومەر سولەیمان ڕایگەیاند موبارەک دەستیلەکار کێشایەوە و ئەنجومەنی باڵای لەشکری وڵات بەڕێوە دەبات. موبارەک و خێزانەکەی هەڵاتن بۆ ماڵەکەیان لە هاوینە هاوری دەریای سوور.
پاشان موبارەک دەستگیر کراو دادگایی کرا لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت. لە 2 ی مانگی 6 ی ساڵی 2012 ئەو تاوانبار ناسرا و سزای زیندانی هەتا هەتای درا، بەڵام پاشان دادگای باڵای میسر بێتاوان ناساندی.
لە ساڵی 2015 ش موبارەک و دوو کوڕەکەی بە تاوانی گەندەڵی سزای سێ ساڵ زیندانی دران و لە ساڵی 2017 ئازاد کرا.