Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی شەڕی ئەفغانستان زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە ساڵی 2019 کوژراو و بریندار بوون


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند بەهۆی شەڕ لە ئەفغانستان لە ساڵی 2019 دا 3،400 کەسی سڤیل کوژراون و نزیکەی 7 هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەرکی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ناسراو بە UNAMA، تالیبان، دەوڵەتی ئیسلامی و گروپە چەکدارەکانی تر بۆ کوشتنی لە ٪49 ی ئەو کەسانە تاوانبار دەکات و دەشڵێت هێزەکانی سەر بە حکومەت لە ناویاندا هێزی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکاش بەرپرسیارن بەرامبەر کوشتنی لە ٪43 . ئەوانی تریش بەهۆی ڕووداوی پەیوەندیدار بە شەڕەکانەوە کوژراون.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژی بە ڕەزامەندی هەردوولا لە ڕۆژی شەممەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە بە مەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ مۆرکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تالیبان لە 29 ی مانگی 2 تا کۆتایی بە شەڕی 18 ساڵەی ئەفغانستان بێت کە درێژدەمترین شەڕە بۆ ئەمەریکا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات ژمارەی ئەو کەسە سڤیلیانەی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابوردوو بەهۆی شەڕی ئەفغانستانەوە کوژراون 100 هەزار کەسی تێپەڕ کردووە.

بەرپرسی UNAMA تەدامیچی یەمامۆتۆ دەڵێت " نزیکەی هەمو کەسێکی ئەفغانی ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ کاریتێکردووە."

ئەو دەشڵێت " بە دڵنیاییەوە شتێکی گرنگە بۆ هەمو لایەنەکان کە ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، لە کاتێکدا ئاشتی زۆر دووا کەوتووە، بەڵام دەبێت ژیانی خەڵکی سڤیل بپارێزرێت و هەوڵەکانی بۆ ئاشتیش بەردەوام بن."

تالیبان ڕاپۆرتەکەی ڕەت کردۆتەوە کە ئەو گروپە بەرپرسیار بووە بەرامبەر زۆربەی کوشتنەکان. لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان هەڵمەتێکی بۆ پشتیوانی ئەمەریکاییەکان کە بە " هێزی داگیرکەر " ناودێری کردوون، دەستپێکردووە.

XS
SM
MD
LG