Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ژیار ئەسوەد


زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم لە زۆر باردا ناڕەواییەکی گەورە دەکرێت بەرامبەر گەنجەکانی کۆمەڵگەکەمان و لەبری ئەوەی زەمینەی دەرفەتەکانیان بۆ بڕەخسێندرێت، بە پێچەوانەوە پانتایی تەگەرە و گرفتەکانیان بۆ زیاتر دەکرێت.

ئەم دیاردەیە لە بوارە ڕۆشنبیریەکەشدا زۆر بە ئاشکرایی دیارە. کەم نین ئەو نوسەر و شاعیرە لاوانەی بە شەرمێکی پڕ لە شکۆوە دەچنە بەردەم نوسەرانی نەوەی پێش خۆیان، بەرهەمێکی خۆیان دەدەنە دەستیان تا هەڵسەنگاندنێکی بۆ بکەن و دواتریش ڕێنومایی پێویست بکرێن و بتوانن لە بەرهەمی داهاتوویاندا سودی لێببینن.

زۆر جار لاوەکانمان، ڕووبەڕووی فەرامۆشکردن دەبنەوە لای نوسەران و ڕۆشنبیرانی پێش خۆیان، ئەم جۆرە وەڵام نەدانەوەیە و تەرخان نەکردنی کات بۆ هەڵسەنگاندنی تێکستەکانی نوسەرە لاوەکانمان وەها دەکەن نوسەرە لاوەکانمان بە دوو ئاڕاستەدا بەرن، یەکێکیان دوورکەوتنەوەیەکی تەواوەتیە لە دنیای فەرهەنگیمان، ئەوی تریشیان ڕێک پێچەوانەکەیەتی، نوسەری لاو لە بڕوابوون بە خۆیی و لە درێژەدان بە خوێندنەوە ڕۆشنبیرییەکانی و هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانەکانی تر و تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگە و پەیوەندیەکانی خودی نوسەر بە دەوروبەرەوە، وردکردنەوەی بوون و نەبوون، ژیان و مەرگ، مرۆڤ و واڵایی، ڕوناکی و تاریکی، شەو و ڕۆژ، ئاسمان و دەریا و هتد، ئیتر دێت و نوسین ئەزموون دەکات، ئەمجارەیان خوێنەر دەکاتە سەنگی مەحەک.

دەشێت زۆرێک لە نوسەرە گەنجەکانمان بەو ئەزموونەدا تێپەڕبووبن؛ ئەزموونی پێکدادانی هەستێکی ناسک و لێوانلێو لە ئەندێشە لەگەڵ بڕیارێکی دڵڕەقانەی خۆ بە گەورە زانیندا.

ھەناوم بۆشایی بوو، کتوپڕ

ئۆقیانووس داگیری کرد

. ئێستا لەناویدا کەسانێک دەژین

ڕەنگە بنەچەیان گیاندارانی ئاویی

بووبێ!

بە دڵنیاییەوە هەروا کارێکی سانا نییە بتوانین خۆمان لەبەردەم ڕاڤەکردنی شیعرێکدا ببینینەوە، بە تایبەتیش گەر دەقی شاعیرێکی لاوی وەک ژیار ئەسوەد بێت.

ژیار، نەک هەر دەنوسێت بەڵکو دەخوازێت سەرەتاکانی ژیانە فەرهەنگییەکەی خۆی جیاوازبێت لەوانی تر، هەر ئەم سروشتە جیاوازەشە وەهای کردووە پێویستت بەوەبێت ماوەیەکی زیاتر و بە وردی بەنێو دێڕەکانی وێنە شیعرییەکانیدا ڕۆ بچیت و هێدی هێدی بە دوای شتە پەنهانەکانی ناو هزری ئەم شاعیرەماندا بگەڕێیت.

لای ژیار ئەسوەد، پێناچێت نوسینی شیعر و تێکەڵ بوون بەم دنیایە هەر تەنها وەک سەرکێشییەکی گەنجانە لێی بڕوانێت یان قسەی لەسەر بکات، ئەم شاعیرە سەرکێشی (موجازەفە) لەناو دنیای شیعردا دەکات، سەرکێشییەک پڕە لە جوانکاری و ناچاریشت دەکات بەدەم هەستکردن بە ئاسودەیی پاش خوێندنەوەی دەقێكی ژیار، بگەڕێیت بەشوێن تێکستێکی تری شاعیرانەیدا، خۆ ئەگەر هیچیشت نەدۆزیەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەگەڕێیتەوە سەر هەمان تێکستی پێشوو و جارێکی تر دەست بە خوێندنەوەی دەکەیتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە، ڕێک وەک ئەوەیە یەکەم جار بێت ئەو تێکستە بخوێنیتەوە!

ھەندێک جار بە خەیاڵمدا دێ

مرۆڤگرێک بانگ بکەم

قولاپ بە گەروومدا شۆڕکاتەوە،

چەشنی ددانی کلۆر ھەڵیانکێشێ.

ھەرکامیان بێ، دەمەوێ

بۆشاییەکەم بگەڕێتەوە و

تەنھا وشە ئەمجارە بتوانێ تێیدا

بڕوێ.

ژیار ئەسوەد، لە ڕوانگەی ئەو بەرهەمانەیەوەی کە تائێستا خوێندومنەتەوە، هەوڵنادات وەها سەروسەودا لەگەڵ تێکستە شیعرییەکانی خۆیدا بکات کە ئەرکێکی ڕۆژانەیە و ئیتر دەبێت بنوسێت، مادام شاعیرە ئیتر دەبێت شیعر بۆ جوانی و عەشق و مانا و سۆز و هتد بنوسێت، بەپێچەوانەوەهەست دەکەم لای ژیار، شیعر نوسین ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیەکانە لە هاوکێشەکانی نێوان خودی خۆی و هەموو ئەو شتانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوندی پێیانەوە هەیە. کاتێکیش شیعرەکانی ئەم شاعیرەمانم دەخوێنەوە، هەستم دەکرد ژیار ئەسوەد شیعر و شاعیربوون دادی هەموو شتێکمانە وەک مرۆڤ.

ئایا ڕاستی ململانێی نەوەی نوێی شیعر و نەوەی پێش خۆی لەسەر چییە و لە چیشدایە؟

ئایا ژیار ئەسوەد، لە تێکستە شیعرییەکانیدا دەخوازێت ئەوەی نەگوتراوە بیانڵێت یان دەیەوێت شتە تایبەتەکان بکاتە شیعر؟

ئایا نەوەی نوێی شیعر، دەیانەوێت جوانترین یاری لەگەڵ زماندا بکەن، بە ئەندازەیەک کە سنورەکانی بیرکردنەوە و خەیاڵ و دەربڕینی خۆیان دەستنیشان بکەن؟

ژیار ئەسوەدی شاعیر لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:51 0:00

XS
SM
MD
LG