Accessibility links

تورکەکان و ڕوسیاییەکان لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە


شاندێکی تورکیا سەردانی روسیا دەکات بۆ باسکردنی ڕەوشی هەرێمی ئیدلب لە سوریا.

ئەم سەردانەی ڕۆژی دووشەممەی دەلەگاسیۆنی تورکیا لە نێوەندی هەروادێ و زیاتربوونی ترس و نیگەرانییەکانە سەبارەت بە کارەساتی مرۆیی لەو هەرێمەدا.

سەدان هەزار کەسی سیڤیل لە هەوڵدان بۆ خۆ دەربازکردن لەو ڕەوشەی ئیدلب، بەتایبەتی لە ئێستادا کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە چەند بەرەیەکی جیاوازەوە دەستیان بە هێرشکردن کردووە بۆ دەستبەسەردا گرتنەوەی تەواوی ناوچەکانی ئەو هەرێمە کە بە دوا بنکەی سەرهەڵداوانی سوریا دادەنرێت.

سەرۆکی تورکیا دەڵێت، ئەوەی بەلای ئانکەرەوە گرنگە ئەوەیە کە ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس ڕویانکردۆتە ناوچە سنوریەکانی تورکیا.

ئەم ڕاگەیاندنەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفونیەکەی ڕۆژی شەممەی بووە لەگەڵ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکادا.

لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا، هەردوو سەرۆک باسی دۆسێی سوریا و ژمارەیەک بابەتی تریشیان کردووە.

ئەردۆگان دەڵێت " لە ئێستادا سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار تا چوار ملیۆن پەنابەری سوریایی لە تورکیادان و مەخابن ئێمە ناتوانین یەک ملیۆن پەنابەری تر وەربگرین."

وەزیری دەرەوەی تورکیاش پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا لە پەراوێزی کۆبوونەوە ئاسایشیەکەی میونخ، باسی لەوە کردووە کە لەوانەیە دوو ملیۆن کەس ڕووبکەنە ناوچە سنوریەکانی سوریا – تورکیا، ئەگەر بێتوو ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست نەکرێت.

XS
SM
MD
LG