Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران


هەڵبژاردنەکان بۆ مەجلیسی شورای ئێران بڕیارە ڕۆژی 21 ی ئەم مانگی دووە بکرێت.

لەو دەنگدانەدا 290 ئەندام هەڵدەبژێردرێن بۆ مەجلیسی شورا کە 285یان بە دەنگدانی ڕاستەوخۆیە و 5 کورسییەکەی تریش دەدرێت بە زەردەشتییەکان و جووەکان و ئاشوری و کلدانی و هەروەها ئەرمینیەکان.

بەپێی یاسای ئێران پێویستە هەر کاندیدێک یەک لەسەر چواری دەنگەکانی بازنەی هەڵبژاردنی ناوچەکەی بە دەستبێنێت، ئەگەریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکان لە بازنەی خۆیدا ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا، ئەوا گەڕی دووهەمی دەنگدانی بۆ دەکرێت.

مەرجە، ئەوانەی خۆیان کاندید دەکەن لە ئێران بۆ ئەندامێتی مەجلیسی شورا، دەبێت پشتیوانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بن و وابەستەش بن بە دەستوری ئێرانەوە.

ناوی هەموو ئەوانەی لە ئێراندا دەیانەوێت ببنە ئەندامی پەرلەمان بە فلتەری ئەنجومەنی نیگەهباندا دەڕوات و ئەم ئەنجومەنەیە بڕیار دەدات کێ ببێتە کاندید.

ئەمانە بە گشتی بەشێکن لەو ڕێوشوێنانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دایناون بۆ هەر هەڵبژاردنێک لەو وڵاتەدا بکرێت.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا لە هەر وڵاتێکدا کە هەڵبژاردن کرا بە مانای پەیڕەوکردنی دیموکراسییە؟

ئەوە دروستە کە دەگوترێت هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا یەکێکە لە بنەما هەرە تۆکمەکانی بونیاتی دیموکراسی و بەبێ هەبوونی ئەو بنەمایە کۆی پرەنسیپی دیموکراسی دەکەوێتە ژێر باری گرانی پرسیار و گومانەوە.

لە سادەترین پێناسەیدا هەڵبژاردنی دیموکراسیانە، دەنگ و ڕوانینی خەڵکە و هەروەهاش تەنها ڕێگەیەکە بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتەکان لە وڵاتاندا.

هەمیشە ئەو دیاردەیە بینراوە؛ لە غیابی کۆڵەکەکانی دیموکراسیدا، سیستەمە سیاسییەکان ڕووبەڕووی قەیرانگەلێکی ئاڵۆز دەبنەوە و ئەو گرفتانەش ڕۆ دەچن و کۆمەڵگەکانیش دەخەنە گێرمەوکێشەی گەورەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شورادایە و پێویستە گەلانی ئێران نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەو مەجلیسە هەڵبژێرن. هاوکات نکوڵیش ناکرێت لەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەمدا بە تایبەتیش لە وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەڵبژاردن مانایەکی ئەوتۆی سیاسی نییە و زیاتر وەک نومایشتێک بەکاردەهێنرێت بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ئەو سیستەمانەی کە تەنها لەڕێی سەرکوتکردنەوە هەوڵی درێژەدان بە تەمەنی خۆی دەدات.

گەلانی ئێران دەمێک ساڵە کەوتوونەتە دەربڕینی ناڕەزاییەکانی خۆیان لە ڕێی خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە، هەموو جارێکیش دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە زەبری چەک و بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر بەرەنگاری داواکانی خەڵک بۆتەوە، لە کاتێکدا خەڵک لە ئێران داوای ژیان و گوزەرانێکی باش دەکەن و هەروەهاش کرانەوە بە ڕووی دنیادا و ناخوازن لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی داخراودا بمێننەوە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاندویەتی.

حەسەن حاتەمی، چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی
حەسەن حاتەمی، چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی

ئەڵبەت نابێت لەبیرمان بچێت پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە ئێران و لەو شوێنانەش کە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی تیایاندا هاوشێوەی ئێرانن دەکرێت وەک ئامڕازێک سەیر بکرێت بۆ ڕەواییدانی یاسایی بەو جۆرە سیستەمانە کە بە هەر نرخێک و باجێک بێت دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

ئازادیە سیڤیلیەکان و هەموو ئازادییەکانی تریش لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ڕاستەوخۆ گرێدراون بە دیموکراسییەوە و ئەمەش بمانەوێت نەمانەوێت پەیوەست دەکرێتەوە بە هەموو ئاڵوگۆڕەکانی ناو کۆمەڵگەوە. جا ئەگەر ئەو ئازادیانە لە کۆمەڵگەکاندا فەراهەم نەکرێن ئەوا هەرگیز ناتوانرێت بگوترێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوات هەیە.

لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی لەناو ئێرانەوە بڵاودەبنەوە و هەروەهاش بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نێوەندەکانی داکۆکی لە ئازادییەکان و لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن؛ ڕژێمی ئێران سیاسەتی سەرکوتکردن لەبەرامبەر گەلانی وڵاتەکە بەکاردەهێنێت. گەر تەنها ئاوڕێک لە مێژووی چل و یەک ساڵەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەینەوە ئەوا بە ئاشکرایی کەلێنێکی گەورە دەبینین لە نێوان دەسەڵات و خەڵک. کەلێنێک کە هەروادێ و گەورەتر دەبێت بەهۆی سیاسەتی خۆ جیاکردنەوەی ڕژێم لە خەڵک و ڕێگەنەدان بەو جۆرە ئازادیانەی ڕەخنەی ڕژد بەرهەم دەهێنێت و گرتنەبەری زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێن کردنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لە ڕژێم و هەروەهاش لێسەندنەوەی مافە سەرەتاییەکان لە هاوڵاتیان.

لە ساڵی 1979 دا کە ئایەتوڵاکان دەستیان گرت بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژ بە ڕژێمی شاهەنشاهی، هەنگاوی یەکەمی دامەزراوە ئاینیەکان لە ئێراندا بەکارهێنانی سیاسەتی نەهێشتنی بژارە بوو لەبەردەم هاوڵاتیانی ئێرانیدا و ئەمەش لە یەکەم هەڵبژاردنیپاش شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەدی دەکرا، بژارە لەو دەنگدانەی مانگی سێ و چواری ساڵی 1979دا، یان دەنگدان بوو بە کۆماری ئیسلامی ئێران، یان نا، لە کاتێکدا چەندان جۆرە ڕوانینی تری سیاسی هەبوو بۆ بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتیکردنی وڵاتەکە.

سیستەمی ویلایەتی فەقێ لە ئێراندا جێگیر کراوە، وەلی فەقێ لەو سیستەمەی ئێراندا هەموو دەسەڵاتەکان و بڕیارەکانی لەلایە بەوپێیەی وەک چاودێر دەڵێن " لە ویلایەتی فەقێدا، وەلی وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەتوانێت دژی هەر جۆرە دید و بۆچونێک بێت کە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت."

جا لە ئاوەها سیستەمێکدا پێویستە بەردەوام ئەو پرسیارە بکرێت کە ئایا چ بەهایەک بۆ هەڵبژاردن دەمێنێتەوە؟

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پێناوەدایە خەڵکێکی زۆر بەشداری لە دەنگدانەکاندا بکەن و ئیدی بە هەرچ شێوەیەک بێت بە جیهانی دەرەوە بڵێت ئەوەتا پشتیوانی دەکرێت.

هەرچۆنێک بێت لە ئێستادا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕەوشێکی خراپدایە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەییش.

لەناو ئێراندا شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایی هەیە، ئەگەرچی لە قۆناغی بەرایی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەدا ڕەهەندی ئابوری زیاتر باڵی کێشابوو بەسەریدا، وەلێ ئێستا ڕەهەندی سیاسیش لەو خۆپیشاندانانەی ئێراندا هێندەی ئەو ڕەهەندە ئابوریەیە. خەڵک نەک هەر دژی حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی دروشم دەڵێنەوە بەڵکو دروشمەکانیان دژی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیشە "وەلی فەقێ" و داوای نەمانی ئەو جۆرە فەرمانڕەوایەتیەش دەکەن.

لە ڕووی نێونەتەوەییشەوە؛ ئەمریکا سیاسەتی بەرزترین ئاستی فشاری سەپاندۆتە سەر ئێران و لەژێر سزایەکی قورسی ئابوریدایە و کاریگەرییەکانی ئەو سزایانەش بە ئاشکرایی دەرکەوتوون. وڵاتانی ناوچەکەش بۆ ڕەتکردنەوەی ئێران هەر یەکەیان جۆرێک لە سیاسەتی تایبەتی خۆیان هەیە بەرامبەر ئێران، بەتایبەتیش بەهۆی ئەو گومانە زۆرانەی لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران هەیە، لەوانە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.

گەلانی ناوچەکەش، لەوانە عێراق و لوبنان، بێزارییەکی تەواویان پێوە دیارە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکانیاندا. لە عێراق چەند جارێک کونسڵخانەکانی ئێران لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ئاوردراون و خۆپیشاندەران بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن بە ڕووی فەرمانڕەوایانی وڵاتەکەیاندا تا ڕێگە لە هەموو دەستێوەردان و کاریگەرییەکی ئێران بگرن.

ئایا ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا ئاماژەیە بە سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن؟

ئایا بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە ئێراندا بە زیانی ڕژێمی ئێران دەکەوێتەوە؟

ئایا هەڵبژاردن لە ئێراندا بکرێت یان نەکرێت هیچ شتێک لە ڕاستییەکانی ناو ئەو وڵاتە دەگۆڕێت؟

حەسەن حاتەمی، شیکەرەوە و چالاکوانی سیاسی، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:18 0:00


XS
SM
MD
LG