Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراق لە دوڕیانی حکومەتی نوێ و شەپۆلی ناڕەزایەتیدا


لە سەرەتای مانگی دەی ساڵی 2019 وە خۆپیشاندانەکانی عێراق درێژەیان هەیە، هەرچەندە دەسەڵات و هێزە میلیشیاییەکانیش هێزی لە ڕادەبەدەریان بەکارهێناوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندەران بڕیاریان داوە مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی وڵاتەکە جێنەهێڵن و سوریشن لەسەر جێبەجێکردنی داواکانیان بۆ گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی سیاسی عێراق.

دەست لەکار کێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، دادی خۆپیشاندەرانی نەداوە و هەروەها نەشبووە هۆکارێک بۆ هێورکردنەوە و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی شەقامی وڵاتەکە، بەڵکو دەکرێت بگوترێت بووە هۆکارێک تا شەقام پێداگرتربێت لەوەی کەسێک ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت کە بتوانێت نوێنەرایەتی شەقامی عێراق بکات نەک ئەو لایەنە سیاسیانەی لە ساڵی 2003وە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

وەک وەبیرهێنانەوەیەک پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە یەکێک لە داوا هەرە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران گەڕانەوەی شکۆیە بۆ عێراق و ڕەتکردنەوەی هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە وڵاتەکەیاندا، بە بەڵگەی چەند جارێک ئاوردانی کونسوڵخانەکانی ئێران و هەڵکردنی دروشمی "نیشتمانم دەوێت" ئەمانە بێ لەوەی دەیان جار باسیان لەوە کردووە ئەوانەی بە زەبری چەک سەروسەودا لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکەن یان ئێرانییەکانن یانیش ئەو میلیشیا شیعانەن کە سەر بە ئێرانن.

دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان
دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

لەم نێوەندە ئاڵۆز و ناجێگیریە سیاسیەی عێراقدا چەند ناوێک خرانە ڕوو تا حکومەتی نوێ پێکبهێنن بەڵام هەر لە سەرەتاوە هیچ یەکێک لەو ناوانە نەیانتوانی متمانەی هاوبەشی شەقام و لایەنە سیاسییەکانیش بەدەستبهێنن، هەر بۆیە ناوی کەسیان بە فەرمی ڕانەگەیەندرا.

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرەک وەزیری نوێی عێراق
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرەک وەزیری نوێی عێراق

ئێستا موحەمەد تۆفیق عەلاوی، بە فەرمی داوای لێکراوە تا حکومەتی نوێ پێکبهێنێت. ئەگەر پەسەند کرا و شەقام ڕای لێبوو، ئەوا ئەرکی ئەم حکومەتە نوێیە زەمینە ڕەخساندنە بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ و بەرەوپێشبردنی دەرفەتەکانی پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە و کۆتایی هێنان بە گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن و داراییە لە سەرتاسەری عێراقدا.

عەلاوی لە یەکەم وتاریدا پاش ڕاسپاردنی بۆ ئەو پۆستە داوای کرد خۆپیشاندەرانی عێراقی بەردەوام بن لە دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان و دەڵێت "داوی ئەوەی فەخامەتی سەرۆکی عێراق پێش ماوەیەکی کورت ڕایسپاردم بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بڕیارمدا بەر لە هەموو شتێک لەگەڵ ئێوەدا بدوێم، پێش ئەوەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا بدوێم، چونکە دەسەڵاتی من لە ئێوەوەیە، ئێوە بە گشتی و بە تایبەتیش ئەگەر قوربانیدان و ئازایەتی ئێوە نەبووایە، هەرگیز گۆڕانکاری لە وڵاتدا نەدەهاتە ئاراوە. ئاگادارم لەوەی پشوودرێژیتان زۆر بوو، بەڵام من بڕوام پێتانە و هەربۆیەشە داوایەکتان لێدەکەم کە بەردەوام بن لە خۆپیشاندان، چونکە گەر ئێوەم لەگەڵدا نەبن ئەوا ناتوانم هیچ شتێک بکەم."

سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو لە وتارەکەشیدا ئاماژەشی بەوەکردووە کە تا چەند خولەکێک بەر لە ڕاسپاردنی بۆ پۆستە نوێیەکەی تەنها هاوڵاتییەکی ئاسایی بووە و شانازی کردووە بە هەموو هەوڵەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی و دەڵێت "لە ئێستا بەدواوە من فەرمانبەرێکم لای ئێوە و ئەمانەتێکی گەورەتان پێداوم، بۆیە پاشەکشە نەکەن تا ئەوکاتەی ئەوەی دەتانەوێت بە دەستی دەهێنن، جا ئەگەر من یان یەکێکی تر لەو پۆستەدابوو، خۆپیشاندان بکەن، هاوار بکەن، ناڕەزایی دەرببڕن، ئەمە وڵاتی خۆتانە و ئەمە مافی خۆتانە و ئەوەش کە لە ئەستۆی ئێمەیە جێبەجێکردنی داواکانتانە، پێویستە بتانپارێزین وەک لەوەی سەرکوتتان بکەین، پێویستە چەکی دەوڵەت لە بەرامبەر ئەوانەدا بەرزبکرێنەوە کە چەکیان دژی ئێوە بەکارهێناوە، بمێننەوە تا ئەوکاتەی لێپێچینەوە لە بکوژان دەکەین، تا ئەو کاتەی قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان دەکەینەوە و بریندارەکان چاک دەکەینەوە و هەڵبژاردن دەکەین، یاسای لایەنە سیاسییەکان دادەڕێژین و پرسی ئەمەت لەکوێ بوو دەخەینە بەر باس، تا ئەو کاتەی شکۆی هێزە ئاسایشیەکان دەگێڕینەوە و ئابوری دەبوژێنینەوە و بەرەنگاری گەندەڵی دەبینەوە."

موحەمەد عەلاوی لەم یەکەم وتارەیدا بۆ گەلی عێراق ئاگاهی دەدات بە لایەنە سیاسییەکانیش و دەڵێت ئەگەر بێتوو لایەنە سیاسییەکان کاندیدێکی خۆیان بسەپێنن بۆ هەر پۆستێک لە حکومەتەکەیدا ئەوا دەگەڕێتەوە بۆلای خەڵك و دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت و دەڵێت "هەر وەک ئەوەی ئێوە چۆن وازتان لە خوێندنی خۆتان هێنا لە پێناو نیشتماندا، منیش ئاوەها ئەو ڕاسپاردنە ڕەت دەکەمەوە و دەبمەوە بە هاوڵاتییەکی ئاسایی و ویژدانی خۆم ئاسودە دەکەم. لە کۆتاییشدا دەڵێم ئێوە نیشتمانتان دەوێت و ئەگەر منیش داواکانتانم جێبەجێنەکرد، ئەوا یانی شایستەی ئەم پۆستە نیم."

هێشتا ئاشکرا نییە وەڵامی فەرمیانەی شەقام چییە بۆ ئەم کاندیدە نوێیە، بەڵام هەندێک ئاماژە هەن وەها نیشانی دەدەن ئەو وتارەی عەلاوی متمانەیەکی تەواوەتی پێنەدراوە لای شەقامی عێراقی. لەناو لایەنە سیاسییەکانیشدا تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە نەبۆتە کاندیدی یەکلاکەرەوە.

ئایا موحەمەد تۆفیق عەلاوی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەتوانێت زەمینەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بڕەخسێنێت؟

ئایا لایەنە سیاسییەکانی عێراق سودیان لە ئەزموونی شەپۆلی ناڕەزایی عێراقییەکان وەرگرتووە؟

ئایا عەلاوی یان هەر سەرەک وەزیرێکی تری عێراقی دەتوانێت ڕوو لە خەڵک و پشت لە لایەنە سیاسییەکان کار بکات؟

ئایا عەلاوی دەتوانێت ئاستی دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا کەم بکاتەوە؟

دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:19:56 0:00

XS
SM
MD
LG