Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی لە ئیدلب 10 کەسی سڤیل دەکوژرێن


لە کاتێکدا هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوامن لە هێرشە زەمینییەکانیان، ڕۆژی پێنجشەممە هێرشی ئاسمانی 10 کەسی سڤیلی کوشت لە نزیک نانەواخانەیەک و بنکەیەکی تەندروستی لە ئیدلبی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی ئەریحا لە پارێزگای ئیدلب، بەڵام وەزارەتی بەرگری ڕوسیا دەڵێت " هێزی ئاسمانی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی شەڕی لەو ناوچەیەی سوریا ئەنجام نەداوە."

حکومەتی سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانی بۆردومانەکانیان بۆ سەر ئەو دووا مۆڵگەیەی ئۆپـۆزسیۆن زیاد کردووە.

لە پاش زنجیرەیەک دەستەکەوتی ئەم دواییانەی حکومەت، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان بۆ نزیکەی نیوەی ئیدلب کەم بۆتەوە لەگەڵ چەند ناوچەیەکی بچووکی حەلەب و لازقییە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا دەڵێت سەر لەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕویسا شوێنێکیان لە نزیک بنکەی تەندروستی ئەل شامی بۆردومان کردووە کە نانەواخانەیەکیش لە نزیکیەتی. ڕێکخراوەکە دەڵێت بە شێوازی هێرشەکە، شوێنی ڕووداوەکە و فڕۆکە و جۆرەی چەکەکە دەگوترێت کە ڕوسیا هێرشەکەی ئەنجامداوە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی دەڵێت هەر پاش بۆردومانەکە پزیشکێک کە هەموگیانی تەپوتۆز بوو لە بنکە تەندروستییەکەی کە نیوەی دیوارەکانی ڕووخابوو هەڵاتە دەرێ و هاورای دەکرد.

هەر لە نزیک ئەو شوێنە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی ڕووخاو چەند ئۆتۆمبێلێکیش تێکشکان.

دەنگی هاواری ژن و منداڵ بەرزبۆوە لە کاتێکدا کارمەندانی بەهاناچوون دەستیان کرد بە دەرکردنی بریدنارەکان لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا.

XS
SM
MD
LG