Accessibility links

سەرۆکی تورکیا مۆسکۆ بە سەرپێچیکردن لە ڕێککەوتنی سوریا تاوانبار دەکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان مۆسکۆ تاوانبار دەکات بە "ڕێزنەگرتن" لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئانکەرەدا کردوویەتی لەسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا و سوریا بۆردومانەکانیان زیاد کردووە.

ڕۆژنامەی حورییەت لە زاری ئەردۆغانەوە دەڵێت " چەند ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕوسیادا ئەنجام دراوە. ئەگەر ڕوسیا ڕێز لەو ڕێککەوتنانە بگرێت، ئێمەش هەمان شت دەکەین. بەڵام لە ئێستادا بەداخەوە ڕوسیا ڕێزی لێ ناگرێت".

سەرباری ئەوەی پشتیوانی لە لایەنە جیاوازەکانی شەڕی سوریا دەکەن، مۆسکۆی هاوپیەمانی دیمەشق و ئانکەرەی هاوپەیمانی سەرهەڵداوان لە نزیکەوە پێکەوە کاریان کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

ئەم ڕەخنەیەی ئەردۆغان لە سەرۆکی ڕوسیا شتێکی دەگمەنە لە کاتێکدا لە پاش ساڵی 2016 وە هەمیشە هەوڵی داوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڤلادمیر پوتندا هەبێت.

بەڵام توندوتیژییەکان لە ئیدلبی دووا مۆڵگەی سەرهەڵداوان سەریهەڵداوەتەوە سەرەڕای ڕێککەتنێکی تورکیا و ڕوسیا لە ساڵی 2018 بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕانە.

ئەو ڕیککەوتنە لە هاوینەهەواری سۆچی ڕوسیا مۆر کرا.

بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو ناوچەیەی کە نزیکەی 3 ملیۆن خەڵکی تێدا دەژین، چەندین ئاگربەست ئەنجام دراوە لە ناویاندا ئەوەش کە لە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن مۆسکۆ و ئانکەرەوە پشتیوانی لێ کرا.

سەرەڕای ئەوەش ڕۆژی سێشەممە هەشت کەسی سڤیل بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا لە ئیدلب کوژران.

XS
SM
MD
LG