Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: نەهرۆ ساڵح دەلۆیی


ڕەخنە لە هەر بوارێکدا بێت بە مانای بوونی چاوێکی ترە بەسەر ئەو بابەتەی دەکەوێتە بەر وردبینی و خوێندنەوەی جیاواز.

لە بوارە فەرهەنگیەکانماندا وەک شانۆ بە نمونە، دەشێت ڕەخنەی ورد و زانستیانە بە تەواوکەری شانۆنامەیەک ناودێر بکرێت. ئەڵبەت ئەمە بۆ شیعر و چیرۆک و هونەری شێوەکاری و موزیک و هتد، دروستە.

زۆرێک لە هونەرمەندانی شانۆیی بەردەوام دەڵێن نەبوون یان کەمی ڕەخنە لە بواری شانۆدا جۆرە سستییەکی لەو ژانرەدا دروستکردووە، ئەگەرچی ژمارەیەک ڕەخنەگری ڕژد هەن کە خوێندوەیەکی زانستایانە بۆ دەق و نومایشتە شانۆییەکان دەکەن، بەڵام هێشتا ڕەخنەگری زیاترمان پێویستن چونکە کاری زیاتر ماوە بکرێن.

ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم زۆرێک لەو هونەرمەندانەی لە خەمی شانۆ و دراما تەلەفزیۆنیەکاندان و دەخوازن ڕەوتی ئەم دوو ژانرە بەردەوام لە پێشکەوتندابێت، هەر بۆیە عەوداڵی ئەو جۆرە ڕەخنانەن کە بەردێکیان بۆ دەخاتە سەر بەردێک لە بونیات نانی قەڵای شکۆی هونەری خۆیاندا.

بەڵام ئایا ئەم ئەرکە گەورە و گرانە هەر تەنها لە ئەستۆی ڕەخنەگرانە و ئایا ئەو ڕەخنەگرانە شایستەی ئەو هەموو گلەییانەن کە لێیان دەکرێت؟

بێگومان نا، چونکە لە یادمە، ڕۆژێک لە ڕۆژان هونەرمەند نەهرۆ ساڵح دەلۆیی کە میوانی بەرنامەی ئەمڕۆمانە، پێی گوتم مەخابن لەگەڵ ئەو داوایانەی لە ڕخنەگران دەکرێن پێویستە و مەرجە شان بەشانی ئەوانیش هونەرمەند خۆی پەروەردە بکات و بەرنامەڕێژییەکی تۆکمەی هەبێت بۆ داهاتووی خۆی کە دەشێت ببێتە بەشێک لە ئایندەی نەتەوەیەک.

تێکڕاییەک هەیە لەسەر ئەوەی گەر هونەرمەندێک نەتوانێت خوێندنەوەیەک بۆ دەوروبەر و ڕەوشی ڕۆژگارەکەی بکات، گەر نەتوانێت جیاوازی لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی بینەراندا ببینێت، گەر نەتوانێت ببێتە خاوەن دیدگا و پەیامی هونەری بۆ مرۆڤایەتی، ئیدی چۆن هونەرمەند دەتوانێت متمانەی بینەرانی خۆی بە دەست بێنێت.

زۆر دەمێکە هونەرمەند نەهرۆ ساڵح دەلۆیی دەناسم، نومایشتەکانیم بینیون وەک ئەکتەرێک لە شانۆ و لە دراماشدا، هەروەها لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیشدا گوێم لە ڕا و سەرنجەکانی بووە.

ئەم هونەرمەندەمان کاتی خۆی لە دوکانەکەیدا کە سەرقاڵی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی بوو، هێندە و زیاتریش هونەر بووبووە مەراقێکی گەورە بۆی. لەو دوکانەدا دەتتوانی زۆرێک لە هونەرمەندانی ئەوسا ببینیت و پێیان ئاشنا بیت. ئا لەو کاتانەدا ڕێک ئەو هەستەم لەلا دروست دەبوو کە ئەرکە گەورەکەی نەهرۆ هونەرە.

ئەڵبەت من لەم بەرنامەیەدا ناچمە سەر نواندنەکانی نەهرۆ، ئەمەیان جێدەهێڵم بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە و هەروەها بۆ بینەرانیشی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە بڵیم ڕای خۆمم نییە بەرامبەری، وەلێی جێی دەهێڵم بۆ کات و بۆ دەرفەتێکی تر.

هونەرمەند نەهرۆ دەلۆیی، هەمیشە وەک هونەرمەندێکی ڕەخنەگر ناسیومە، لە پێش هەموو کەسێکدا ڕەخنەگر لە خودی خۆی، ئەوجا بەرامبەر هونەرمەندانی تر، ئەگەرچی هەندێک جار لەلایەن هەندێک لە هونەرمەندانی ترەوە دەکەوتە بەر زەبری ڕەخنەیەکی قورسەوە بەڵام بەوپەڕی سنگ فراوانییەوە هەموو ڕەخنەکانی وەردەگرت و لەناخی بێگەردی خۆیەوە شەنوکەوی دەکردن و ئەوەی دەیزانی بە سود بۆ هونەر دەگەڕێتەوە جارێکی تر بەکاری دەهێنانەوە و ڕێگەکەی خۆیی پێدەبڕی تا بگاتە ئامانجە پیرۆزەکەی لە ڕێی خزمەتکردنی هونەرەوە بە هونەر نەک بە شتی تر.

*ئایا شانۆ و دراما کوردییەکان لە ئێستادا لە ئاستێکی پێویستدان؟

*ئایا لە نێو هونەرمەنداندا هاوڕایی هەیە لەسەر پەیامی هونەریی؟

*ئایا هونەرمەندانی شانۆ و دراماکان توانیویانە متمانەی بینەرانیان بەدەست بێنن؟

هونەرمەند نەهرۆ ساڵح دەلۆیی، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:10 0:00


XS
SM
MD
LG