Accessibility links

دوای بڕیارەکەی سەدر دەیان خۆپیشاندەری عێراقی بریندار دەکرێن


هێزە ئاسایشییەکانی عێراق جارێکی تریش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردۆتەوە هاوکاتی پێکدادانە نوێیەکان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا لە بەغدا و لە شارەکانی تری وڵاتەکەدا.

گەواهدەران و هەروەها سەرچاوە ئاسایشییەکان بە ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە تەقەکردنەکان دوابەدوای هەوڵی هێزە ئاسایشییەکان بووە تا خۆپیشاندەران مەیدانەکانی بەغدا چۆڵ بکەن.

ئەم هەوڵەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هێزە ئاسایشییەکان دوابەدوای لێدوانەکەی ڕۆژێک پێشتری موقتەدا ئەلسەدرە کە وتبووی بەشداری و پشتیوانی خۆی لە خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەتی عێراق ڕادەگرێت.

موقتەدا ئەلسەدر، کەسایەتی ئاینی شیعە ئاینزاکان بە ملیۆنان لایەنگری هەن لە بەغدا و لە شارەکانی تری باشوری عێراقدا.

لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆی بەغدادا، بەلانی کەم 14 کەس بریندارن، وەک سەرچاوە ئاسایشی و تەندروستییەکانیش دەڵێن برینی هەندێکیان سەختە.

لە ئاکامی پێکدادانەکانیش لە نێوان هێزە ئاسایشیەکان و خۆپیشاندەراندا لە شاری ناسرییەی باشوری عێراق بەلانی کەم 17 کەس بریندارن.

خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف و بەسرە و دیوانیەش بەردەوامن.

خۆپیشاندەرێک کە ناوی خۆی نەداوە، بە ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرزی وتووە " ئێمە خۆپیشاندان دەکەین چونکە ئامانجمان هەن، پێشموانییە موقتەدا ئەلسەدر یان هەر سیاسەتمەدارێکی تری عێراقی بتوانن دیدی ئێمەی خۆپیشاندەر بگۆڕن."

پاش ئەو ڕاگەیاندنەی سەدر، لایەنگرەکانی لە مەیدانی تەحریر و لە مەیدانەکانی تری بەغدا و شار و شارۆچکەکانی تری عێراقدا کشاونەتەوە و هێزە ئاسایشیەکانیش دەستیان کردووە بە لادانی بەربەستە کۆنکریتییەکانی مەیدانی تەحریر لە بەغدا.

XS
SM
MD
LG