Accessibility links

لەشکری سوریا لە پێشڕەویدایە بەرەو ئیدلب


هێزە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری ئیدلب.

لەشکری سوریا دەڵێت لە کردە لەشکرییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا توانراوە دەست بگرنەوە بەسەر ژمارەیەک شارۆچکە لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای ئیدلب.

میدیای سەر بە دەوڵەتی سوریا دەڵێت ئەم کردە لەشکریانە بەشێکن لە هەوڵەکانی بەشار ئەلئەسەد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دوا ناوچەی لەژێر دەستی سەرهەڵداواندان.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بە سەدان هەزار کەس ناوچەی ئیدلبیان چۆڵکردووە بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردومانەکانی هێزەئاسمانییەکانی ڕوسیا و هەروەهاش سوریا.

ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە لەندەن دەڵێت؛ لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 6 شارۆچکە لەو ناوچەیە کەوتوونەتە ژێر دەستی هێزەکانی حکومەتی سوریاوە.

هەر ئەم ڕێکخراوە دەڵێت پێشڕەوییەکانی لەشکری حکومەتی سوریا بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بووە و هەر ئەم پشتیوانیەش وەهای کردووە هێزە سەربازییەکانی بەشار ئەلئەسەد بگەنە ناوچەکانی مەعەرەتولنوعمان، کە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەنرێت لەم شەڕانەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئیدلب دەکرێن. ئەم ناوچەیە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە شاری ئیدلبەوە دوورە و کەوتۆتە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان دیمەشق و حەڵەب.

XS
SM
MD
LG