Accessibility links

بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیا دەیان کەس دەکوژرێن و سەدان کەسیش بریندار دەبن


ژمارەی ئەوە کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی ڕۆژهەڵاتی تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 22 کەس لە کاتێکدا هەوڵەکانی گەڕان بەدوای ڕزگاربواندا بەردەوامە.

بومەلەرزەیەک بە هێزی 6.8 بە پلەی پێوانەی ڕێختەر شەوی هەینی پارێزگای خارپێت (Elazığ) ی تورکیای هەژاند کە بە نزیکەی 550 کیلۆمەتر دوور دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئانکەرەی پایتەختەوە. هەر پاش ئەو بومەلەرزەیە 390 وردەبومەلەرزەی تر ڕوویاندا کە 14 لەوانە هێزەکانیان زیاتربوو لە 4 .

بەڕێوەبەرایەتی کارەسات و فراکەوتنی تورکیا ڕایگەیاند 18 کەس لە خارپێت و چوار کەسیش لە مەلاتیا کوژراون. هەروەها دەشڵێت 1،103 کەسیش بریندار بوون و لە نەخۆشخانەکانی هەرێمەکەن و هەوڵەکانی بەهاناچوون بەردەوامە لە سێ شوێنی پارێزگاکە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلۆ لە میانەی قسەکانیدا لە خارپێت گوتی نزیکەی 22 کەس هێشتا لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە. بەڵام پاشان بەڕێوەبەرایەتی کارەسات و فراکەوتنی تورکیا گوتی هەتا ئێستا 40 کەس ڕزگار کراون.

وەزیری تەندروستی فەخرەتین کوجا ڕایگەیاند 128 کەس لە نەخۆشخانەن و 34 لەوانە لەژێر چاودێرییەکی ڕژددان بەڵام هەمویان باری تەندروستیان جێگیرە. ئەو گوتیشی نیوەندی تەندروستی زیادە ئامادە دەکرێت ئەگەر پێویست بکات.

تیمەکانی بەهاناچوون بە درێژایی شەوی هەینی لەسەر شەممە کاریان دەکرد بۆ هەوڵی ڕزگارکردنی بریندارەکان و دەرکردنی تەرمەکان لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەن لە کاتێکدا پەلەی گەرما هەشت ژێر سفر بوو.

پیاوێکی تەمەن 32 ساڵان لە دەمی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە شارۆچکەی سیڤریجەی نێوەندی بومەلەرزەکەوە گوتی " ماڵەکانمان ڕووخان، ناتوانین بڕۆینەوە بۆ ماڵەکانمان."

ئەو پیاوە گوتیشی " لە گوندەکەی ئێمە چەندین کەس گیانیان لەدەست دا. هیوادارم خوا یارمەتیمان بدات، مەڕوماڵاتەکانمان مردوون. خێزانەکانمان لە ئاگریان کردۆتەوە تا لە بەردەم ئاگرەکە و لەژێر بەتانی ئەم شەو لە دەرەوە بەسەر بەرن."

میدیای دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پلانەکانی لە ئەستەنبوڵ پوچەڵ کردۆتەوە و سەردانی خارپێت دەکات.

بەپـێی دەزگای جیۆلۆجی ئەمەریکا بۆ چاودێری بومەلەرزە لە جیهاندا، ڕۆژی هەینی کاتژمێر 8:55 ی شەو بە کاتی خۆجێی بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پـلە بە پـێوەری ڕێختەر و لە قوڵی 10 کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی داوە کە 23 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای سیڤریجە و 4 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی کەفەر دیز و 105 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای دیاربەکر دورە.

XS
SM
MD
LG