ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەو نەخۆشییەی کە لە چین بڵاو بۆتەوەو سەدان کەس بەهۆیەوە نەخۆش کەتوون هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی باری تەنگەتاوی جیهانی.
ڕێکخراوەکە هەڵسەنگاندنەکانی خۆی پاش هەنگاوەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی حکومەتی چین ڕاگەیاند پاش ئەوەی لە سێ شاری چیندا باری نائاسایی ڕاگەیەندرا و هەمو کۆڕو کۆبونەوەکان لە بێژینگی پایتەختیش هەڵوەشانەوە بە مەبەستی ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
نێوەندی کۆترۆڵ کردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ئاستی هۆشداری گەشتکردنی بەرزکردەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس و پێشنیاز دەکات خەڵکی گەشت نەکەن بۆ شاری وهانی چین ئەگەر زۆر پێویست نەبێت. ئاژانسەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکات حاڵەتی زیاتری کۆرۆناڤایرۆسی وهان لە ئەمەریکا ببینرێت و پلانەکانی ڕاگەیاند بۆ فراوانکردنی پشکنینەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئەتلانتا و شیکاگۆ.
چین ڕۆژی پێنجشەممە سێ شاری نێوەندی ڤایرۆسە، کە بە ملیۆنان دانیشتوانی تێدا دەژین، داخستووە بە بەمەستی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی کە کاربەدەستان دەڵێن هەتا ئێستا 630 کەس توشی بوون و 18 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
زۆربەی هێڵی گواستنەوەی شاری وهان کە نزیکەی 11 ملیۆن کەس تیایدا دەژین ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگیران و داوا لە خەڵکی کرا لە شارەکە دەرنەچن. چەند کاتێژمێرێک پاش ئەوە ڕێوشوێنی هاوشێوە لە شاری هوانگگانگیش ڕاگەیەندرا کە نزیەکی 7 ملیۆن کەس تیایدا دەژین.