Accessibility links

لە سۆمالیا ژمارەیەک ئەندازیاری تورک دەکرێنە ئامانجی تەقینەوەیەکی خۆکوژی


پۆلیس لە سۆمالیا ڕادەگەیەنێت ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو گروپێک بەڵێنداری تورکی ڕۆژی شەممە لە ئەفگۆێی باکوری ڕۆژئاوای مەقادیشۆ کردۆتە ئامانج.

پۆلیس دەڵێت بەلایەنی کەم 2 کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسیش برینداربوون. شەش هاووڵاتی تورک لەو تەقینەوەدا بریندار بوو کە دوانیان ڕەوشیان لە مەترسیدایە.

نور عەلی بەرپرسی پۆلیسی ئەفگۆێ بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوتووە " ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کە شۆفێرێکی خۆکوژی تێدابوو زۆر بە خێرایی خۆی کرد بەو شوێنەدا کە ئەندازیارە تورکەکان و پۆلیسی سۆمالی نانی نیوەڕۆیان دەخوارد."

هەتا ئێستا ڕوون نییە کێ ئەو هێرشەی ئەنجام داوە بەڵام دانیشتوانی ناوچەکەو پۆلیس دەڵێن چەکدارانی ئەلشەباب شەوی هەینی هەوڵیان دابوو هێرش بکەنە سەر ئەفۆگێ کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر دوورە لە مەقادیشۆوە.

گروپی ئەلشەبابی سەر بە ئەڵقاعیدە پێشتر بەرپرسیارێتی هێرشی لەو جۆرەی گرتۆتە ئەستۆ بەمەبەستی ڕوخانی ئەو حکومەتی سۆمالیا کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات.

فەرەح عەبدوڵاهی دوکاندارێکە لە ئەفۆگێ سەربارەت بە ڕووداوەکە دەڵێت " ئێمە گوێمان لە تەقینەوەیەکی گەورە بوو و دەستبەجێ پاش دەنگەکە دووکەڵێکی زۆر بەرزبۆوە. بەر لەو تەقینەوەیەش چەند ئەندازیارێکی تورک و کاروانێکی پۆلیسی سۆمالی کە چەکی باشیان پێبوو لەو شوێنە بیندرابوون. ئێمە دەبینین قوربانیان لەوشوێنە دە‌هێننە دەرەوە بەڵام نازانین کوژراون یان بریندارن."

لەوەتای برسێتی ساڵی 2011 وە لە سۆمالیا، تورکیا سەرچاوەیەکی سەرەکی هاوکاری بووە بۆ ئەو وڵاتە لە کاتێکدا ئانکەرە هەوڵ دەدات کاریگەری خۆی لە وڵاتانی قۆچی ئافریکا زیاد بکات.

ئەو ئەندازیارە تورکانە لەوێ هاوکاری دروستکردنی ڕێگاوبانەکانیان دەکرد.

XS
SM
MD
LG