Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران بەرەو وێرانبوون


هێشتا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، ئێران شۆکی پاش کوژرانەکەی سەرکردەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بەرینەداون و دەیانەوێت بە هەرچ شێوەیەک و نرخێکیش بێت خۆیان وەک هێزێکی گەورە نیشان بدەن.

خۆپیشاندانی دژی ڕژێمی ئێران
خۆپیشاندانی دژی ڕژێمی ئێران

ئەگەرچی دوابەداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئێران ژمارەیەک موشەکی گرتە دوو بنکەی سەربازی لە عێراق و ئەوجا فڕۆکەیەکی ئۆکرانیایی خستە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بە زمانێکی هەڕەشە ئامێز بۆ تۆڵەکردنەوە دەدوێت لەگەڵ ناوخۆی و دەرەوەی ئێرانیشدا.

بەڵام دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران، بە ئاشکرایی دوو جۆر گوتار دەبیستران لە تارانەوە، کە هێندەی ئاسمان و ڕێسمان لێک جیاوزبوون، یەکێکیان ئەو وتارە گڕداری هاندەر و وروژێنەرانە بوو لە ناو ئێراندا، ئەوەی تریشیان ئەو وتارە بوو کە بە ناوی دیپلۆماسییەتی ئێرانییەوە دەدرا و جەختکردنەوە لەوەی ئێران شەڕی ناوێت و ناخوازێت ئاستی قەیرانەکە زیاد بکات و هتد.

میوانی بەرنامە، جه‌لیل ئازادیخواز، نوسەر و لێکۆڵەر
میوانی بەرنامە، جه‌لیل ئازادیخواز، نوسەر و لێکۆڵەر

ئەوەی کە هەموو لایەک لەسەری کۆکن ئەوەیە کوژرانی قاسم سولەیمانی بە بەرەنجامێکی ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دادەنرێت، بەڵام کەم نین ئەوانەی دەڵێن و جەختیش دەکەنەوە لەوەی کوژرانی ئەو ژەنەراڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەهەندی ناوخۆییشی هەن، هەروەک چۆن ڕەهەندی هەرێمایەتیشی هەن. ئەڵبەت ئەم بۆچوونەش لەسەر ئەو بنچینەیە بونیاتنراوە کە حاجی قاسم لەناو ئێرانیشدا نەیاری هەبووە و ئەو ئەگەرەش بە دوور نەزانراوە زانیارییەکانیش سەبارەت بە جموجۆڵەکانی قاسم سلێمانی لەو نەیارانەوەی دزەیان پێبکرێت. ڕەهەندە هەرێمایەتییەکەش لەو سۆنگەیەوەیە کە سەرکردەی هێزەکانی قودس هەمیشە وەک گرفت و تەگەرەیەکی گەورە بینراوە لەبەردەم ئەجەندا و بەرژەوەندی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە. هەرچۆنێک بێت ئەمانە بەشێکن لەو سیناریۆیانەی باس دەکرێن.

لە ئاوەها ڕەوشێکدا کە دەیان ئەگەری بە دوای خۆیدا هێناوە و یەکێکیان ئەگەری هەڵایسانی شەڕە لە نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، یان لەوانەشە لە شوێنێکی تردا ببێت، هەر بۆیە هەوڵی نێونەتەوەیی و هەرێمیش لە ئارادان تا ئەو ئەگەری شەڕە چەندێک بکرێت دوور بخرێتەوە، چونکە وەک خاوەن هەوڵەکان دەڵێن، بێ لەوەی چەند وڵاتێک بەهۆی ئەو شەڕەوە وێران دەبن، ئاوەهاش کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە ناوچەکەدا دروست دەبێت.

بەڵام ئایا کێشەکان لێرەدا کۆتاییان پێدێت؟ ئەی ناوخۆی ئێران چۆن؟

لە دوای تەقەکردن لە فڕۆکەکەی ئۆکرانیا و گیان لەدەستدانی تەوای سەرنشینەکان و تاقمی فڕۆکەکە، جارێکی تریش خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە زۆر شوێنی ناو ئێراندا دەستیان پێکردەوە. وەک ڕەفتاری هەمیشەیی، دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕێگەی جیاوازیان گرتەوەبەر بۆ سەرکوتکردن و قڕوقەپ پێکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی.

زۆربەی کات خەڵک لە ئێران بێزاری و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران دەربڕیوە و لەگەڵ هەموو جارێکیشدا، داواکانی خەڵک گەورەتر و زۆرتریش دەبن، وەک ئەوەی ئێستا داوای دەست لەکار کێشانەوەی ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. زۆرێکیش لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییە متمانەپێکراوەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتێکی سەرکوتکار ناودێر دەکەن، بەهۆی زۆری ژمارەی زیندانیانی نەیاری ڕژێمن، ڕێگەگرتن لە دەنگی ئازاد، نەبوونی میدیایەک کە جێی بایەخی خەڵکی وڵاتەکە بێت، سەپاندنی سزای لە سێدارەدان، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و هتد.

ئێران لەژێر زەبری سزاکانی ئەمریکادا دووچاری قەیرانی ئابوری و دارایی بۆتەوە. گرانییەکی زۆر تەنگی بە ئێران هەڵچنیوە، داهاتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، چونکە بەهۆی سزاکانەوە ناتوانێت وەک جاران نەوت بفرۆشێت، ڕێژەکانی بێکاری و هەژاری لە هەڵکشاندان. لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە هەروادێ و ئێران لە پەراوێز دەنرێت.

سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی گۆڕینی ڕەفتارەکانی ڕژێمی ئێرانە، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە نەدراوەتەوە سەبارەت بەوەی ئەگەر ئێران لە پێناو هەڵگرتنی سزاکانی سەپێندراونەتە سەری و ڕەفتارەکانی خۆی گۆڕی و وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتاری کرد، ئایا چەندێک دەتوانێت بەردەوام بێت وەک وڵاتێکی ئاسایی؟!

جا ئەم فشارانە هەر هەمووی پێکەوە چ جۆرە کاریگەرییەکی دەبێت بەسەر ڕژێمی ئێرانەوە؟

ئەو ڕاستییەی نکوڵی لێناکرێت ئەوەیە کە ئەم ڕەوشەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تیادایە نە بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوەیە، نە ئەوەشە بگوترێت ئێران دەوڵەتێکی سەرکەوتووە و نەیاری زۆرن، بەڵکو بەرەنجامی نزیکەی 41 ساڵی دادۆشینی سەرچاوە و سامانی وڵاتەکەیە لەلایەن ڕژێمێکەوە کە هیچ ئامانجێکی نییە و نەماوە، تەنها ئەوەندە نەبێت برەو بە بەرنامە شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانیشدا لەڕێی دروستکردنی هێزی زیاتری میلیشیایی کە هەموو جموجۆڵێکیان بە فرمانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بێت و هاوکات هەوڵدانیش بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

ئێران بۆ ئەو بەرنامە شەڕانگێزیانەی، بودجەیەکی زۆری تەرخانکردووە لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی دانیشتوانی وڵاتەکە بەرەو خراپتر دەڕوات.

ئایا کوژرانی قاسم سولەیمانی بووە هۆکارێک بۆ تەبایی گەلانی ئێران لەگەڵ ڕژێمی وڵاتەکەیاندا؟

ئایا چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، بەرەنجامێکی ئەرێنییان هەبن؟

ئایا ئەمریکا تا چ ئەندازەیەک یارمەتی گەلانی ئێران دەدات؟

جەلیل ئازادیخا، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:46 0:00


XS
SM
MD
LG