Accessibility links

ئەنگێلا مێرکڵ: بەرلین میواندارێتی کۆنفرانسی ئاشتی لیبیا دەکات


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ دەڵێت وتووێژی ئاشی لیبیا لە بەرلین ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا تورکیا و ڕوسیا داوایان لە لایەنە بەشەڕچووەکانی لیبیا کردووە ئاگربەستێک ئەنجام بدەن.

لەمیانەی کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن لە مۆسکۆ ڕۆژی شەممە مێركڵ گوتی " هیوادارین هەوڵە هاوبەشەکانی ڕوسیا و تورکیا سەرکەوتوو بێت و ئێمەش بەم زووانە بانگهێشتنامە بۆ کۆنفرانسێک لە بەرلین دەنێرین."

مێرکڵ گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێبەرایەتی وتووێژەکان دەکات ئەگەر وتووێژەکان لە بەرلین ئەنجام بدرێن و لایەنە بەشەڕچووەکانی لیبیاش پێویستە ڕۆلێکی سەرەکی بگێڕن بۆ دۆزینەوە ڕێگە چارەیەک بۆ ڕەوشەکە.

مێرکڵ گوتی ئەم هەوڵانە بە مەبەستی دەرفەتڕەخساندنە بۆ لیبیا تا ببێت بە وڵاتێکی سەربەخۆو ئاشتیخواز.

هاوکات سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتنیش پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەکە دەربڕی و گوتی ئەم بیرۆکەکە لە جێی خۆیدایەو پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لیبیا.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە تورکیا و ڕوسیا داوایان لە لایەنە بەشەڕچووەکانی لیبیا کرد ئاگربەستێک لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕابگەیەنن.

XS
SM
MD
LG