Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی تالیبان لە ئەفغانستان دەیان سەربازی ئەفغانی دەکوژرێن


کاربەدەستان لە ئەفغانستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند یاخیبوانی تالیبان بەلایەنی کەم 28 کەسی سەر بە هێزەکانی حکومەتیان لە هێرشێکی نیوەشەودا لە باکوری وڵاتەکە کوشت.

سەرەڕای کەشوهەوایەکی زۆر ناهەموار، لەماوەی دوو هەفتەی ڕابوردۆوە تالیبان نزیکەی ڕۆژانە هێرشەکانیان لە پارێزگاکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ئەنجام دەدەن و نزیکەی 100 کەسیان لە هێزەکانی ئەفغانی کوشتووە و ژمارەیەکی زۆر زیاتریان بریندار کردووە.

کاربەدەستێکی ئەفغانی بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە بنکەیەکی ئاسایشی لە دەشتێ ئارچی باکوری پارێزگای کوندوز کوتە بەر هێرشێکی زۆر سەختی یاخیبوان و 13 سەربازی ئەفغانی کوژران.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا فەوزی ئیفتالی لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ژمارەی قوربانیانی هێزەکانی ئەفغانی پشتڕاست کردەوە و گوتی لەو هێرشەدا چەند کەسێکیش بریندار بوون.

سەرکردەیەکی پۆلیس و گوتەبێژێکی حکومەتیش ڕادەگەیەنن 15 ئەندامی تری هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانی لە پارێزگاکانی بەلخ و تەکهار کوژراون.

گوتەبێژی فەرمی تالیبان زەبیحوڵا موجاهد لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆو ژمارەی کوژراوەکانیشی بە 50 کەس ڕاگەیاند هەرچەندە زۆربەی جار تالیبان لە ئامارەکاندا زیادەڕەوی دەکات.

XS
SM
MD
LG