Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ڤینۆس فایەق


شیعر لە ویژدانی هەموو شاعیرێکی زیندوودا بەشێکی دانەبڕاوە لە ڕۆح، لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا نازانرێت و ناشتوانرێت هاوڕاییەک لەسەر پێناسەی شیعر دروست ببێت.

زۆرێك لە شاعیرەکان لەوبڕوایەدان، شیعر قاڵ بوونەوەیە لە ماناکانی ژیان و پەیوەندییەکانی خود بە دەوروبەرییەوە و نوسینەوەی گەشت و گەڕانە هەمیشەییەکانی خودە بەشوێن ڕاستیەکاندا، ئەو نوسینەوەیەش بە سود وەرگرتن دەبێت لە دنیا پان و بەرینەکەی فەنتازیادا.

ئا لێرەوە دەگەینە ئەو بەرەنجامەی بڵێین هاوکاتی ئەوەی دەشێت تێکستە شیعرییەکان تژی بن لە ڕەخنە، بەڵام ناکرێت نوسینی تێکستە شیعرییەکان تەنها وەک ئامڕازێک لێی بڕوانرێت، بۆ ڕەخنەگرتن لە هەموو ئەو شتانەی چواردەوری شاعیریان گرتووە.

بەپێی ڕای زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە جیهانییەکانیش شیعر پێویستە ئازاد بێت لە هەموو وابەستەییەک، چونکە وەک جەختی لێدەکەنەوە ئەرکەکان و پەیامەکانی شیعر، دەکرێت بگوترێت هێندەی ئاسمان بەرینن و ئاسمانیش هەرگیز دەستەمۆ ناکرێت و بڕوایشی بە سنور نییە.

هەر بۆیە ناکرێت وەها سەروسەودا لەگەڵ شیعردا بکرێت کە دنیایەکە بۆ پاڕانەوە و ڕاز کردن، یان ژینگەیەک بێت بۆ بەگژدا چوونەوە، بەڵکو بە یەکێک لە باڵاترین کاری هەست و نەست لە زەمینەی پاشخانی ڕۆشنبیریدا ناودێر دەکرێت.

هەتا خۆڵ نەبێتە

دوا وێستگەی گەشتی جەستەت

لە نیازی دڵی "با" تێناگەیت،

بۆچی قوڕی دڵت دەکاتە بەرد؟

ڤینۆس فایەق لەم وێنە شیعریەیدا ئەزمونی گەڕانەکانمان نیشان دەدات و دەشێت وەک ئەو گەڕانە لێی بڕوانین کە دەخوازێت شتە پەنهانەکان بدۆزێتەوە، دەگاتە ئەنجام یان نا، ئەمە نابێتە ئامانج لای ڤینۆس، هێندەی ئەوەی مەبەست لە گەڕانە بەدوای ئاوازە نەسرەوتەکانی دۆزینەوەدا، وەک سەرکێشییەکی خودی شاعیر خۆی.

من ژنێکم لە نیگەرانی

بەرد رێگەم پێدەگرێ و

گوللە یەخەم دەگرێ

لە کاتێکا کە دەکەمەوە گوڵ ئەگەشێتەوە

لە بنی پێمەوە ئاماژەکانی بەهەشت

سەردەردێنن

لەناو سینگما پێغەمبەرێک ئەسووتێ

لە خانەکانی لەشما خوداوەندێک پارچە پارچە بوە

لە دەمارەکانما کتێبێکی پیرۆز رزیوە و

بەرماڵێک هەلاهەلابوو


لای ڤینۆس، شیعر هەر تەنها پرۆسەیەکی سادەی نوسین نییە، چەند لاپەڕەیەک ڕەش بکرێتەوە و هەرچی بە خەیاڵدا هات بە ناوی شیعرەوە یان بەناوی ئەدەبەوە بخرێتە بەر دیدی خوێنەر، ڤینۆس دەڵێت "شیعر هاتوهاوار نییە، لە بێدەنگیدا لەدایک دەبێت.. شیعر کە ئامادەبوو بێدەنگی دەشکێنێت و رێگە بە دەنگ دەگرێت. پەلاماردانی زمانە و پێکەوە لکاندنی میکانۆکانی خەیاڵ و هزر و فەلسەفە و دنیابینیمانە. باوەشگرتنەوەیە بۆ خوێنەری راستەقینەی شیعر. پەناگەی نائارامەکان و کەناری کەشتیە سەفەرکردووەکانی خەیاڵە."

لێم ئەوەشێتەوە
بە بەر چاوی عەشیرەتەوە
بە کراسێکی مۆری لێوانلێو لە ژنێتییەکی سپییه‌وه‌
بە بەر چاوی پیاوە لەکەڵککەوتوو و سمێڵ و جامانە کەڕووهاتووەکانەوە
هەنگاو بەسەر حزبە ماوەبەسەرچووەکاندا ئەهێنم و
خۆم دەکەم بە هەورێکی خۆڵەمێشییا و
لە بەردەم درەختە جەرگسووتاوەکان
بە بەر گەڕەکە پێخاوسەکاندا ڕەت ئەبم
لە تەنیشت کۆڵانە کڵۆڵە بێدەرامەتەکان و
خانووە نزم و چەماوەکانی پاڵ کۆشکە باڵا بەرزەکانتان ئەوەستم
بەرانبەر پەنجەرە تەڵخ و کەتیبە ئاسنە ژەنگاوییەکان ڕائەمێنم
لە جیاتی حەوشە و
سەربانە پڕ لە شیوەنەکان و
دوکان و بازاڕە تێترنجاو و تووڕەکان گۆرانی ئەڵێم
لە جیاتی جادە و
بانە هەڵپڕووکاوەکان و
ساختمانە کوێرەکانی شاهیدی مێژوو دەگریم

لە جیاتی دەنگە ناڕازی و شپرزەکان
لە جیاتی ئینسانییەتی خووساوەی نێو دێڕی خیتابەکان
خۆم دەکەم بە ژووردا
ئەی نیشتیمان و
سڵاوێکت لێ ئەکەم
بەناو بەژن و باڵاتدا پیاسەیەکی غەریبانە ئەکەم و
دەپرسم ئاخۆ ئەم جارە کێ شایستەی فرمێسکەکانت ئەبێ

بوێری و شکاندنی بارە باوەکان و فەرامۆشکردنی کۆتوبەندەکان بەشێکن لەو تایبەتمەندێتیانەی ڤینۆسی پێ ناسراون وەک نوسەرێک. هەر بۆیەشە کاتێک تێکستێکی ئەم شاعیرەمان دەخوێنینەوە بە خۆمان بزانین یان نەزانین ناتوانین خۆمان ببوێرین لە ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی چێژ وەرگرتن و تێگەیشتن لە دەق و شەرم نەکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وێنە شیعریانەی دەمانخەنە بەردەم پرسیاری نوێ و بیرکردنەوەی نوێوە.

کەرەستەکانی نوسین لای ڤینۆس فایەق زۆرن، وەک خەیاڵ و بیرکردنەوە و خوێندنەوە زۆر قوڵەکان و ئەزموونەکانی ژیان لە ناو و لە دەرەوەی نیشتماندا و هەر هەمووشیان پێکەوە ڤینۆسێکمان پێدەناسێنن کە نوسەرێکی ڕاستەقینەی دانەبڕاوە لە خەونە زیندووەکانی دەوروبەری.

ئایا مەرجە لە هەموو دەقێکی شیعریدا یاخیبوون ئامادەیی هەبێت؟

ئایا دەشێت هەر تەنها وەک دۆسێیەک بۆ جوانکردنەکانی دنیا لە شیعر و ئەدەب بڕوانین؟

ئایا دەکرێت شیعر وەک زمانێکی سەربەخۆ لێی بڕوانین؟

ڤینۆس فایەق، شاعیر و ڕۆماننوس لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:19 0:00

XS
SM
MD
LG