Accessibility links

ئێران و چین و روسیا دەستیان بە مانۆڕێکی هاوبەشی دەریایی کردوە


بە گوتەی ئاژانسی هەواڵەکانی فرانس پرێس ؛ فرماندەی هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند و گوتی ئێران و چین و هەروەها روسیا دەستیان بە مانۆڕیکی چوار رۆژی هاوبەشی دەریایی کردوە لە ئۆقیانوسی هیندیدا . ئەم مانۆرە لەشکریە لەو کاتەدایە کە بارگرژیەکان رویان لە زیادبوون کردوە لەو کاتەوەی کە ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە مانگی پێنجی ساڵی رابردوودا یەکلایانە کشایەوە لەو سەودا ئەتۆمیەی زلهێزانی جیهانی لەگەڵ ئێران لەساڵی 2015 دەستبەریان کردبوو.

لەو بارەیەوە ئەدمیرالی هێزی دەریایی ئێرانی "غۆلام رەزا تەهانی" لە سەر تەلەفزیۆنی دەوڵەت گوتی ؛ پەیامی ئەم مانۆڕە لەشکریە دەریاییە هاوبەشە " ئاشتی و دۆستایەتیە" هەروەها پاراستنی ئاسایشی درێژخایان لە رێگەی هاوکاری و یەکگرتووی نێوانمان. ناوبراو گوتیشی ئەم مانۆڕە هاوبەشە ئەوە دەردەخات کە ناتوانرێت ئێران پەراوێز بخرێت و بەلاوە بنرێت.

غولام رەزا تەهانی ئاماژەی بەوەشکرد کە مەبەست لەم مانۆڕە دەریاییە لە پێناو بەهاناچوون و رزگارکردنی ئەو کەشتیانەن کە ئاگریان تێبەر دەبن یان لەلایەن چەتەی دەریاوە پەلامار دەدرێن، ئەو کارەی هێزی دەریایی ئێران و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی راهێنانی لەسەر دەکەن.

هاوکات بەرپرسەکەی هێزی دەریایی ئێرانی گوتی مەبەستێکی دیکەی ئەم مانۆڕە لە پێناو بەهێزکردنی سەلامەتی هاتوچۆی بازرگانی جیهانی دەریاییە و هەروەها ئەوەش دەخاتە روو کە پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بەشداربووی مانۆڕەکە گەیشتوەتە ئاستێکی پڕواتا و سوودمەند و رەنگە ئەم دەرفەتە کاریگەری نێونەتەوەیی هەبێت.

دوای ئەوەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە سەودا ئەتۆمیەکە لەگەڵ تاران ساڵی پار کشایەوە ، ئەمەریکا گەمارۆی گورچک بڕی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە ئەو کارەی پاڵی بە ئێرانەوە نا کاردانەوەی هەبێت و رێکاری دژبەر بگرێتە بەر ئەوەش بە پابەندنەبوونی تاران بە مەرجەکانی سەودا ئەتۆمیەکەوە.

XS
SM
MD
LG