Accessibility links

سامان گەرمیانی: لەکۆنگرەی یەکێتی پاشقولم لێدرا


سامان گەرمیانی، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، کە لەم کۆنگرەیەدا، نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ مانەوە لەسەرکردایەتی حیزبەکەی بەدەست بهێنێت، ڕایگەیاند"بەو پێیەی بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ مام جەلال دا بووم، تەکەتولم نەکرد و هەوڵمدا یەکڕیزی یەکێتی بپارێزم، کەچی لە کۆنگرە لێمدرا."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سامان گەرمیانی دەڵێت"تا کاتژمێر چوار و نیوی بەیانی، دووەم دەنگی سەر ئاستی بازنەی گەرمیان بووم، پێیانوتم:دووەم دەنگیت و دەرچوویت، کەچی دواتر بەقودرەتی قادر، ناوەکەم دیار نەما."

دەشڵێت"رۆیشتمە لای حاکم قادر و حاکمەکان سکاڵام کرد، وتیان: سعات 12 وەرەوە دەنگەکان دەژمێرینەوە، کاتژمێر 12 دیسان رۆیشتمەوە، بینیم حاکم قادر لەوێ نەماوە، حاکمەکانی تر، وتیان: تازە ناتوانین دەنگەکان بژمێرینەوە و زۆر زەحمەتە."

سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتووی، سامان گەرمیانی وتی"جارێ سکاڵام تۆمار کردووە، بەڵگەم پێشکەش کردووە کە دەرچووم، چاوەڕێی وەڵام دەکەم، دواتر قسەم دەبێت."

دەرنەچوونەوەی سامان گەرمیانی لە کۆنگرەدا بۆ سەرکردایەتی حیزبەکەی، لەکاتێکدایە ناوبراو بەسەرکردەیەکی نزیک لە لاهور تاڵەبانی هەژمارد دەکرێت، بەڵام خۆی دەڵێت"من لەگەڵ لاهور تاڵەبانی نزیک بووم، گەنجێک بوو، حەزم کرد بێتە پێشەوە، ئەگینا نە لەکوتلەیدا بووم، نە بڕواشم بە کوتلە هەیە، پێموتووە: گەر دەتەوێ ببیتە سەرکردە، دەبێت بە چاوی مام جەلالەوە لە یەکێتی بڕوانیت، ئەوانیش ڕووبەڕوو زۆر ڕێزیان دەگرتم، بەڵام بەداخەوە لە پشتەوە شتێ تر بوو."

دەربارەی هۆکاری دەرنەچوونەوەی لەکۆنگرەدا، سامان گەرمیانی، وتی"ئامادە نەبووم تەکەتول بکەم، بۆیە دەرنەچووم."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سامان گەرمیانی ئەندامی دەرنەچووی سەرکردایەتی یەکێتی، ئامادەنەبوو ناوی ئەو سەرکردە نوێ یەی حیزبەکەی بدرکێنیت، کە وەکخۆی دەڵێت:خراوەتە جێگەکەی، وتی"من ژمارەیەکی بچووک نیم، کەس ناتوانێت مێژووم بسڕێتەوە، یەکێتی ئیمەی لێدەربکەی، کێی دەمێنیتەوە."

وتیشی" لە ڕۆژی کۆنگرەوە موبایلەکەم داخستووە و چاوەڕێی وەڵامی سەرکردایەتی یەکێتیم بۆ ئەوەی کە بەرامبەرم کرا."

لەبەرامبەردا دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەحاکم قادر حەمەجان، یەکێک لەسەرپەرشتیارانی کۆنگرەی یەکێتیەوە کرد، تەنها ئەوەندەی وت"ئەو مەسەلە عیلاقەی بە ئێمەوە نیە."

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00


XS
SM
MD
LG