Accessibility links

ئێوارەی جەژنی کرسمس لە بەیتلەحم


هەزاران کەس لە خاوەن بڕوایانی ئاینی کرستیان ڕۆژی سێشەممە لە شارۆچکەی بەیتلەحمی کەناری ڕۆژئاوا کۆبوونەوە بۆ ئاهەنگەکانی ئێوارەی جەژنی کرسمس لە شوێنی لە دایک بوونی پێغەمبەر عیسا.

گەشتیاران سەردانی دارێکی گەورەی ڕازاوەی کرسمس دەکەن لە مەیدانی مەهد نزیک ئەو شوێنەی کە بڕوا دەکرێت پێغەمبەر عیسا لەوێ لەدایک بووبێت.

ڕاجەر هاگلاند خاوەن بڕوایەکی ئاینی کرستیانی خەڵکی لویڤێل کەنتاکییە کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاینەکەی دەدات بۆ جەژنی کرسمس چۆتە بەیتلەحم و لەوێوە دەڵێت هاتووە بۆ بەڕێوەبردنی نزاکانی کرسمس و چوارەم جارە لە ژیانیا لەو شوێنەوە یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر عیسا دەکاتەوە. دەڵێت " زۆر خۆشحاڵین بەم دەرفەتە. ئێمە نزیکەی 40 کەسین و زۆربەشمان خەڵکی ئەمەریکا و وڵاتانی ترین هاتوین بۆ یادکردنەوەی لە دایکبوونی پێغەمبەر عیسا."

زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئێوارەی جەژنی کرسمس لەو مەیدانە ئامادە بوون دانیشتوانی شارەکە و خاوەن بیروڕا ئاینییە بیانییەکان بوون.

بەیتلەحم کە زۆر نزیکە لە ئورشەلیمەوە بۆ بوژانەوەی ئابوری پشتی زۆر بە گەشتیار دەبەستێت. لە ماوەی ڕابوردوودا چەندین هۆتێلی نوێی لێ دروستکراوە و ئەو شارۆچکەیە هەوڵ دەدات ڕەنگاوڕەنگی پێکهاتە جیاوازەکان نیشان گەشتیاران بدات ئەمەش جگە لە گرنگیدان بە بۆنە ئاینییەکان لە شوێنە پیرۆزەکاندا.

وەزیری گەشت وگوزاری دەسەڵاتی فەلەستینی ڕولا مایا دەڵێت لەم بۆ کرسمسی ئەمساڵ نزیکەی 15 هەزار خاوەن بڕوای ئاینی لەو شارۆچکە بچووکەدا ماونەتەوەو تەواوی هۆتێلەکان گیراون. و شارۆچکەکانی تری کەناری ڕۆژئاوا وەکو ڕامەڵا و ئرەیحاش پڕ بوون لە گەشتیار ئەمە جگە لە ئورشەلیم.



XS
SM
MD
LG