Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: میران ئەبراهام


پرسیارگەلێکی زۆر هەن لەسەر هونەری گێڕانەوە و سەبارەت بەوەی ئایا گێڕانەوەکان چەندێک کاریگەرییان دەبن لەسەر ڕهەندەکانی ژیان.

لای بەشێکی بەرچاوی نوسەرانمان، گێڕانەوەکان ئێجگار گرنگن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی شتە پەنهانەکان و بە یەکێک لەو هۆکارانەش دادەنرێت کەوەها دەکات بە ئاسانی پەردە لەسەر نهێنی و تارماییەکان هەڵبداتەوە و وەک گوێزیکی پاک کراو بیخاتە بەردەستمان.

داڕشتنەوەی گێڕانەوەکانیش کاتێک هەست بە گرنگییەکەی دەکرێت کە خوێنەر دەست دەکات بە خوێندنەوەی بابەتێک و بە تایبەتیش ڕۆمان، وەها بکات خوێنەر لەگەڵ خۆیدا بهێڵێتەوە لە یەکەم دێڕیەوە تا کۆتاییەکەی، ئەمە ئەگەر کۆتایی هەبێت.
لێرەشدا زمان و بەکارهێنانی زمان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لەو مانەوەیەی خوێنەر لەگەڵ چنینە دراماییەکەی دەقدا کە لە هێنانە دەنگی کاراکتەرەکاندا بۆ ناساندنی دنیابینیەکانیان خۆی دەبینێتەوە لە نێو پانتایی عەشقێکی هەتا بڵێی گەورە و بەرفراواندا.

دنیابینیەکان لە ڕۆماندا بە بەراورد لەگەڵ چیرۆکی درێژدا جیاوازن، لەو سۆنگەیەوەی ڕۆمان هەوڵی دروستکردنی دنیایەکی نوێ دەدات لە هزری خوێنەردا، دنیایەک هاوتەریب لەگەڵ دنیا ئاساییەکەی هەمووماندا و زۆر جاریش زمانی بەکارهێنراو لە ڕۆماندا، هەمان ئەو زمانە نییە کە لە چیرۆکدا بەکاردەهێنرێت.

یاریکردنەکان بە زمان لە ڕۆماندا لە ڕووبەرێکی بێ سنوردایە و مەوداکانی بەکارهێنانی زمان و پەنابردنە بەر زمانێکی شیعریانە لە گێڕانەوەکاندا، جیاوازن لەو شێوازانەی لە چیرۆکدا بەکاردەهێنرێن.

میران ئەبراهام، ڕۆماننوس سەبارەت بە زمان و بەکارهێنانەکانی و گرنگییەکانیشی دەڵێت " من وەكو نوسەرێك باوەڕم بەوە هەیە كە رۆمانێك دەتوانێت كولتوور و زمانی نەتەوەیەك نەك هەر دەوڵەمەند بكات، بەڵكو رێكیشی بخات، بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد، چونكە دابڕانێكی مەترسیدار لەنێوان كەمە نەتەوایە‌تییەكاندا هەیە، كە لە رابردودا زۆر لە ئێستا باشتربوە."

نیشتمانی سارا، یەکێکە لە ڕۆمانەکانی ئەبراهام، تیایدا کاراکتەرەکان هەر یەکە سەرگوروشتەی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە، وەلێ بە دەنگ و زمانێکی جیاواز و هەر یەکەیشیان باس لە ڕۆحێکی گەشی ناو خودی خۆی دەکات، لێرەوە هەست دەکەیت ئەو ڕۆمانە جیاوازە لە نوسینەوەی مێژوویەک، چونکە کاراکتەرەکان ڕەنگ و بۆنی تایبەتی خۆیان هەیە و ڕاتدەکێشن بەرەو سنورەکانی ئەودیوو بیرکردنەوە.

کاتێک ئەم ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)م خوێندەوە، هەستم کرد هێشتا ئەم ڕۆمانە ناوازە بوێرە، قسەی زیاتری ماوە بیانکات، دەرگای زیاتر ماوە بیانکاتەوە، کاراکتەری زیاتر ماون لەگەڵماندا بکەونە دیالۆگ، لای بەندە ڕۆمانێکە بە تام و چێژی ڕۆمانی (شار) ی حوسەین عارف، کە تا مێژووی شار بەردەوام بێت ئەوا ڕۆمانی (شار)یش درێژەی دەبێت.

میران ئەبراهام، لە ڕۆمانی شەوگەڕەکان، بە ژمارەیەک مرۆڤی بێزار و ماندوومان ئاشنا دەکات و هەر یەکەیان لە سوچێکی ئەم دنیایەوە دێنە لامان و هەریەکەیان چەند دیمەنێکی ژیانی خۆیمان بۆ باسدەکات و لەو باسکردنانەدا ئەبراهامی ڕۆماننوس وەک بڵێیت دەخوازێت جەنجاڵییەکانی ژیانمان لەم دنیا ئاڵۆزەدا بۆ ڕاڤە بکات.

ئەم ڕۆماننوسەمان بە کاوەخۆ دەست لە برین و زامە لە مێژینەکانمان وەردەدات، ڕۆ دەچێتە ناو ئەو کوچە و کۆڵانانەی لە ژیانی هەر یەکێکماندا بە پەنهانی ماونەتەوە و ئەگەرچی لە ڕۆژئاوا دەژی، بەڵام بە ڕۆح هێشتا لە ڕۆژهەڵاتە و پێمان دەڵێت، با لەوێش بم، من ناتوانم، هەرگیز ناتوانم خەمە قوڵەکانی ئەوێ لەبیر بکەم و نەیاننوسمەوە.

ئایا لە نوسینی ڕۆماندا، نوسەر هەر تەنها خۆی دەگێڕێتەوە یان ئەوانی تریش دەخوێنێتەوە و بە ئێمەی خوێنەری ئاشنا دەکات؟

ئایا ڕۆماننوس دەتوانێت خۆی لە زمانی شیعر ئامێز بپارێزێت لە نوسینی ڕۆمانەکانیدا؟

ئایا میران ئەبراهام، ڕۆماننوس لە نێوان هەردوو ڕۆمانی، "شەوگەڕەکان" هەروەها "نیشتمانی سارا" دەیەوێت چیمان پێ بڵێت؟

میران ئەبراهام، ڕۆماننوس لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:23 0:00
XS
SM
MD
LG