Accessibility links

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشمانی کوردستان دەستپێدەکات


ئەمڕۆ شەممە چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ئەنجومەنی دانایان و ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێن.

ئەنجومەنی دانایان یەکێتی نیشمانی کە بڕیارە هەڵبژێردێت کۆسرەت ڕەسوڵ دەبێتە سەرۆکی و حەوت ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەبنە ئەندام تیایدا کە وا بڕیاریشە مەلا بەختیار ببێتە جێگری کۆسرەت ڕەسوڵ.

هەروها ئەنجومەنی سەرکردایەتیش هەڵدەبژێردرێت کە ژمارەیان 121 کەس دەبێت و سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بەپێی ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی لە دوواین هەڵبژاردندا نوێنەریان لە نێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا دەبێت.

بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی کە دکتۆر بەرهەم ساڵح بکرێتە سەرۆکی یەکێتی و پاڤێڵ تالەبانی و چەند کەسێکی تر ببنە جێگری.

فاخیر شیلەیی کارگێڕی ناوەند بەرپرسی کۆمیتەی نیوزلەندا کە ئەندامی کۆنگرەکەیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمڕۆ هەر یەک لە دکتۆر بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق بە بێ بەشداری کردن لە دەنگدانی داخراودا کرانە ئەندامی سەرکردایەتی."

جگەلەمە بەڕێز شیلەیی گوتیشی یەکەم ڕۆژی کۆنگرە زۆر سەرکەوتوو بوو ئەندامان زۆر لە کەشێکی دیموکراسیدا دەنگی بۆچوونەکانی خۆیان خستە ڕوو ئەو گوتیشی " نزیکەی 600 کاندید هەن بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بە گرژی لە ناو کۆنگرە دەکرێت و تەنانەت باس لەوەش دەکرێت فەریدون عەبدول قادر ئەندامێکی دێرینی یەکێتی لە کۆبونەوەکە دەرکراوە بەڵام فاخیر شیلەیی ئەندامی کۆنگرە ڕەتی کردەوەو گوتی " من لەوێ بووم ئاگاداری هیچ شتێکی لەو جۆرە نەبووم پاشان کە هاتمە دەرەوە لە کۆنگرە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو هەواڵەم بەرچاو کەوت."

کۆنگرەی یەکێتی ڕۆژی یەکشەممەش بەردەوامی دەبێت بەڵام جارێ ڕوون نییە یەکشەممە کۆتایی پێدێت یان دووشەممەش بەردەوام دەبێت.

XS
SM
MD
LG