Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراق و قەیران و ئایندە


لە نێوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەدا پرسیارە هەرە سەرەکییەکەی دەربارەی عێراق دەکرێت ئەوەیە ئایا ئەم ڕەوشە عێراق بەرەو کەنارەکانی سەقامگیری دەبات یان لە لێواری ئاشوبێکی بێ وێنەدا و خراپتر لە ڕەوشی پێشووی لەنگەری پێدەگرێت.

خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، حکومەتی کاربەڕێکەر و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تری ئەو وڵاتە تەواوی هەوڵەکانی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ هێورکردنەوەی شەقام، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ئەم جوڵە بێ پێشینەیەی عێراق زیاتر لە شازدە ساڵی ویست تا بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە بخەنە دووڕیانێکەوە و یەکێک لەو دوو بژارەیە هەڵبژێرن، دەستبەرداربوونی بەرژەوەندییەکانیان و دوور کەوتنەوەیان لە فەرمانڕەوایەتیکردنی وڵاتەکە، یان بەردەوامی ئەم ڕەوشەی لە ئێستادا هەیە.

ڕۆژانە دەیان کەس لە خۆپیشاندەرانی عێراقی دەکوژرێن، بەڵام نە سەرکوتکردنەکان، نە داواکانی مەرجەعیەتی شیعەکان و نە هەوڵەکانی کاربەدەستانی عێراقیش هێشتا نەبوونەتە هۆکارێک تا بگوترێت عێراقییەکان ئارام دەبنەوە و درێژە بە چاوەڕوانی ئەو هەموو پەیمانە زۆرە دەدەن کە شازدە ساڵە کاربەدەستان بە خەڵکی دەدەن.

هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێناچێت دەسەڵاتدارانی عێراقی، لە پەیامە گەورەکەی گەلی خۆیان تێگەیشتبن "نیشتمانم دەوێت".

لەگەڵ ئەوەشدا کە هەر لە سەرەتای مانگی دەی ڕابردووەوە کە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکرد، ئەم دروشمە لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا بەرزکرایەوە. بەرزکردنەوەی ئەو دروشمە تەنها یەک مانای هەیە لای خۆپیشاندەران، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت عێراقییەکان خۆیان خاوەنی بڕیاری چارەنوسساز بن لە وڵاتەکەیاندا، نەک لایەنی دەرەکی و بە تایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەوەی کە زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق ناتوانن نکوڵی لێبکەن ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێرانە لە وڵاتەکەیاندا و زۆر جاریش وتوویانە ئێران ئامادەیی هەیە لە هەموو جومگەکانی دەوڵەتداری لە عێراقدا.


میوانی بەرنامە:

دکتۆر بیلال وەهاب، لێکۆڵەر لە نێوەندی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک.

خۆپیشاندەرانی عێراقی لەسەر داواکان بۆ هەبوونی نیشتمان و سەروەری وڵاتەکەیان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی لە ڕادەبەدەر دەبنەوە. تا ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژراون و بە هەزارانیش بریندارن و سەدان چالاکوانی سیڤیلیش ڕفێندراون و دواتر تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، بە هەزاران کەسیش دەستگیرکراون، لە هەمان کاتیشدا دەسەڵاتدارانی عێراقی دەڵێن لایەنێکی نادیار و نەناسراو تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەو لایەنە بکات.

ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتداران، هێندەی تر خۆپیشاندەران و شەپۆلی ناڕەزایی لە عێراقدا گەرم کردووە و داوای ئاشکرا کردنی بکوژان دەکەن لە حکومەت و لە دەسەڵاتدارانیش.

یەکێک لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ چاکسازی لە عێراقدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە.

دوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، داوا دەکرێت حکومەتێکی کاتی پێکبهێنرێت و ئەرکی سەرەکی ئەو حکومەتە کاتییە چاوەڕوانکراوە، زەمینە سازی بێت بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختی ڕەوا و ئازاد، بەڵام هێشتا عێراقییەکان و دامەزراوەکانی وڵاتەکە نەیانتوانیوە کەسێک دیار بکەن کە بتوانێت ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت و لەلایەن شەقامی عێراقییشەوە پەسەند بکرێت.

پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دوور لە بەش بەشێنەی سیاسی و تایفەیی و نەژادی بە هەنگاوێکی گرنگ ناودێر دەکرێت بۆ چاکسازی لە عێراقدا. پەرلەمانی وڵاتەکە لە ئێستادا کەوتۆتە هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، وەک دەگوترێت بە شێوەیەکە کە مافی هەموو عێراقییەکانی تیادا جێگیربکرێت بۆ نوێنەرایەتی کردن، بەڵام یەکێک لە تەگەرە سەرەکییەکانی بەردەم ئەم هەموارکردنەوەیە، ڕوانینی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر تەواوی پرۆسەکە.

پەرلەمانی عێراق دەنگدانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن دواخست بۆ کاتێکی نادیار، وەک دەڵێت تا دەرفەت هەبێت بۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان و ئەو ناکۆکیانەی هەن یەکلا بکرێنەوە و بەتایبەتیش ناکۆکی لەسەر بەندی ژمارە 15 ی یاسای هەڵبژاردن کە تایبەتە بە بازنەکانی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراقدا.

ئەم دواخستنە بەلای هەندێک لە پەرلەمانتارانەوە بە هەڵەیەکی کوشندە ناودێر دەکرێت و بە ڕاشکاوی دەڵێن، بەشێکی بەرچاوی پەرلەمانتاران دەیانەوێت یاسایەکی هەڵبژاردن پەسەند بکرێت پڕ بە بەری لایەنە سیاسییەکان بێت نەک عێراقییەکانی داوای چاکسازی دەکەن.

ئایا گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراق، چارەسەری یەکلاکەرەوەیە بۆ کێشەکانی وڵاتەکە؟

ئایا هەڵبژاردنی پێشوەخت دەتوانێت چی لە عێراقدا بگۆڕێت؟

ئایا خۆپیشاندەران بە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی شەقام چۆڵ دەکەن؟

ئایا وڵاتانی ڕۆژئاوا دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق؟

ئایا ئەمریکا چ بەرپرسیارێتییەکی لەسەرە بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و گەلی عێراق؟

دکتۆر بیلال وەهاب، لێکۆڵەر لە نێوەندی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:18 0:00

XS
SM
MD
LG